شێخ جه‌عفه‌ر: لەسەر ئەوەی وتم گوێ له‌ فەرمانەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان ناگرم هیچ لێپرسینەوەیەكم لێنەكراوە

- 5/16/2019 10:25:00 AM 21378 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، لەسەر ئەوەی کە وتویەتی گوێ له‌ فەرمانەكانی جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە پشكی گۆڕان ناگرێت "راست نیه‌، هیچ لێپرسینەوەیەكم له‌لایه‌نی حكومی و حیزبی لێنەكراوە".

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ توشی لێپێچینه‌وه‌ی حیزبی یان حكومی بوبێت له‌سه‌ر لێدوانێكی پێشوی کەوتبوی، ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بدرێتە گۆڕان فەرمانەکانی جێبەجێ ناکات.
دورە لەڕاستیه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی پێشوم سه‌باره‌ت به‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پشكی گۆڕان لێکۆڵینەوەم لێکرابێت

 

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "دورە لەڕاستیه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی پێشوم سه‌باره‌ت به‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پشكی گۆڕان لێکۆڵینەوەم لێکرابێت".

رەتیشیدەکاتەوە، لێدوانەکەی هیچ لێپرسینەوە یان نیگەرانی و کاردانەوەی نێگەتیڤ هەبوبێت لەلایەن مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ڕێکخستنەکانی یەکێتیەوە، "تەنانەت نەک کاردانەوە، بەڵکو هیچ بۆچونێکی جیاوازییان نەبوە، بەهیچ جۆرێکیش لەلایەن هیچ لایەنێکی حوکمی و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ڕەخنە یان گللەییەکیان لینەکردوم لەسەر ئەو لێدوانە".
ئەگەر ڕویدا جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم

 

پێشتر شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا لە لێدوانێکدا رایگەیاندبو، "ئەگەر ڕویدا جێگری سەرۆکی هەرێم لەپشکی گۆڕان ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم، چونکە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟"
ڕەنگە وەک گۆڕان هەندێک قسە لەملاو لاکرابێت بەس بەڕەسمی نا، بەڵام ڕەنگە بە شەخسی قسەیان کردبێت

 

لەبارەی نیگه‌رانیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان شێخ جەعفەر ده‌ڵێت، "ڕەنگە وەک گۆڕان هەندێک قسە لەملاو لاکرابێت بەس بەڕەسمی نا، بەڵام ڕەنگە بە شەخسی قسەیان کردبێت، ڕەنگە کادیرێک یا کەسێکیان قسەیان کردبێت ئەویش بەلای منەوە شتێکی ئاسایی بوە، ئەگەر کەسێکیش قسەی کرد دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات، کە وەڵام و کاردانەوەی دەبێت بەرامبەری ئەوە ئاساییە".
دوای بڵاوبونه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر، په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان وەڵامی دایەوە

 

دوای بڵاوبونه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر، جه‌لال محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و له‌هه‌مانكاتدا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان  ڕایگه‌یاند، "پێشنیار ده‌كه‌م بۆ ئه‌و به‌ڕێزه‌ی له‌سه‌ر پشكی گۆڕان پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت تاوه‌كو مامه‌ شێخ فه‌رمانه‌كانی به‌جوانی جێ به‌جێ بكات، هه‌وڵ بدات گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌گرته‌كانی لبنانی لای خۆی دابنێت، دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ت كرد مامه‌ شێخ ده‌بێته‌ كۆیله‌ت".

پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی و بڵاوبونه‌وه‌ی و كاردانه‌وه‌كان، هه‌ر زوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان پۆسته‌كه‌ی سڕیه‌وه‌.
 ئەو هەڕەشە و قسانە نە گوێی دەدەمی نە خۆشمی پێوە مەشغوڵ دەکەم

 

دەربارەی وتەکانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی، "ئەو پەرلەمانتارە قسەکەری ڕەسمی بزوتنەوەی گۆڕان نیە، ئەوە قسەی خۆیەتی و ئەوەی کە نوسیبوی زۆر بەزویی سڕییەوە، جا ئەو هەڕەشە و قسانە نە گوێی دەدەمی نە خۆشمی پێوە مەشغوڵ دەکەم".
داواکراوە رێگای یاسایی بگرمە بەر، بەڵام خۆم ڕەتم کردوەتەوە

 

لەبارەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان فەرماندەی هێزەکانی 70 رونیکردەوە، "داواکراوە رێگای یاسایی بگرمە بەر، بەڵام خۆم ڕەتم کردوەتەوە، خۆی حەقی خۆیەتی سکاڵا تۆمار بکەم، بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆر جار کە سکاڵا تۆمارکراوە دواتر بە تکا و ڕجا، بەهۆی ئەوەی زۆربەمان تێکەڵین بەهۆی خەباتەوە ناچارین تکاکە قبوڵ بکەین و "تەنازول لە سکاڵاکە بکەین، خۆی کەسێکی واش نەبوو من خۆمی پێوە مەشغوڵ بکەم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP