نرخی نەوتی خاو بەرێژەی لەسەدا یەک بەرزبوەوە

- 5/16/2019 9:50:00 AM 1303 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەهۆی بەردەوامی و قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ئێران و ڤەنزوێلا و کەمبونەوەی بەرچاوی نەوتی خاوی ئەمریکا لەبازاڕەکاندا، هێرشی سەر کەشتییە نەوتییەکانی سعودیە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت (1.01) یەک دۆلار و یەک سەنت بەرزبوەوە، کە ڕێژەی لەسەدا 1.4ی نرخەکەی پێشویەتی و بەوەش لە   71.24 دۆلاردا جێگیربو.

بەپێی شیکردنەوەی پسپۆڕانی نەوت، بەردەوامی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین و دودڵی بازرگانانی نەوت لەکاردانەوەی جیهانی، کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە.

لەلایەکی ترەوە ئینستتیوتی سوتەمەنی ئەمریکا کە گروپێکی پیشەسازین و زانیاری دەربارەی قەبارەی نەوتی خاو و سوتەمەنی بڵاودەکەنەوە، رایگەیاند هەفتەی رابردو قەبارەی نەوتی ئەمریکا لەبازاڕەکانی جیهاندا(800,000)هەشت سەد هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هەڵکشانی نرخی نەوت لەبازاڕەکاندا هەبوە.

هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکی 74 سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە لەسەدا  1.2 نرخی پێشوی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 61.78 دۆلاردا جێگیربو.

لە ماوەی ئەمساڵی رابردودا نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی گشتی لەسەدا 30 نرخەکەی زیادیکردوە، ئەوەش بەهۆی قولبونەوە و بەردەوامی قەیرانەکانی ڤەنزویلا و ئێران و کەمکردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوت لەلایەن رێکخراوی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپێک)ەوە.

نیشانەکردن :

#نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP