داوا لە ئێران دەکات سیاسەتەکانی بگۆڕێت
ئیمارات: پابەندین بە کەمکردنەوەی گرژییەکانەوە لە کەنداو

- 5/16/2019 9:12:00 AM 1186 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداودا، دوای ئەوەی چوار لە کەشتیە بازرگانییەکانی روبەڕوی کردەوەی تێکدەرانە بونەوە.
پابەندین بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاشتی و ئارامییەوە

 

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەنوەر قەرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاندوە، "پابەندین بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاشتی و ئارامییەوە، پێویستە ئاگادار بین و تۆمەت نەبەخشینەوە، هەمیشە داوای دان بەخۆداگرتنمان کردوە و هەرواش دەمێنینەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم رەوشەی ئێستا ناوچەکەی تێکەوتوە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی ئێرانەوەیە، ئەم هەڵسوکەوتانە بوە هۆی خراپبونی ڕەوشەکە، داوا لە ئێران دەکەین سیاسەتەکانی بگۆڕێت".
لە بەرژەوەندیی ئێمەیە ئێران ببینین وەکو دەوڵەتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات

 

قەرقاش وتیشی، "لە بەرژەوەندیی ئێمەیە ئێران ببینین وەکو دەوڵەتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات، هەروەها لە بەرژەوەندیی ئێرانیشە درک بەوە بکات کە نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە سیاسەتەکانی".

شەوی 12ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، چوار کەشتیی بازرگانی لە نزیک سنورە ئاوییەکانی وڵاتەكەی، روبەڕوی کردەوەی تێکدەرانە بونەتەوە، بەڵام کردەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوە و هیچ ماددەیەکی زیانبەخش لەو کەشتیانەوە دزەی نەکردوەتە دەرەوە.
هێرشکردنە سەر ئەو کەشتیە بازرگانیانە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوەتە لوتکە

 

هێرشکردنە سەر ئەو کەشتیە بازرگانیانە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوەتە لوتکە، هەفتەی رابردوش ئەمریکا كەشتیە جەنگییەكانی بە پێشڕەوی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن رەوانەی ئاوەكانی دەریای عەرەب کرد.

یەکشەممە رابردو 12-5-2019 حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەماندا رایگەیاند، ئەمریکییەکان جەنگێکی دەرونی گەورەیان لە دژیان دەستپێکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ئێستا ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکات تەنها جەنگێکی دەرونیە، چونکە ئاڵوگۆڕپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ئاساییە و لە ماوەی رابردوشدا ئەو وڵاتە ئەو جموجوڵانەی هەبوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP