ناوەرۆكی كۆنفرانسی رۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی و ئەردۆغان

- 5/15/2019 9:40:00 PM 5568 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا كە بۆ هەریەك لە ئەردۆغان و عادل عەبدولمەهدی رێكخرابو، باسیان لە ناوەرۆكی كۆبونەوەكەی نێوانیان كرد.

سەرەتا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، وشكەی ساڵی ناوچە جیاوازەكانی عێراقی گرتبویەوە، بەڵام ئێمە هەمو توانای خۆمان دەخەینەكار بۆ چارەسەركردنی وشكەساڵی، سەرەڕای زۆری لافاوی ئەمساڵ، بەڵام هێشتا كێشەی ئاو لە عێراق هەیە، لەروی زانستی و ئەكادیمی و ئەندازیاری دەتوانین كارەكان ئەنجامبدەین

ئەردۆغان وتیشی، "ئێمە وڵاتێكین دەتوانین ئیدارەی قەیرانی ئاو بكەین و توانیومانە قەیرانەكان تێپەڕێنین، دەتوانین ئەزمونی خۆمان بگوازینەوە بۆ عێراق، بۆیە ئێمە پلانێكمان دیاریی كردوە بۆ ئەوەی كێشەی ئاو لە عێراق چارەسەربكەین".

سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی، "بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی نێوانمان تایبەت بوە بە پرسی پەكەكە و گروپی فەتحولا گولەن و داعش كردوە و رامانگەیاندوە كە روبەروی ئەو گروپانە دەبینەوە، رێكەوتین لەسەر ئەوەی كە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و هەواڵگری، پێكەوە دژی گروپە تێكدەرەكان كار بكەین".

سەبارەت بە پرسی سوریا، ئەردۆغان راشیگەیاند، "باسمان لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و چارەسەری ئەو پرسە كردوە و لە دواین كۆبونەوەمان داوامانكردوە عێراق ببێتە ئەندامی چاودێر لە كۆبونەوەكانی ئەستانە".

لای خۆشیەوە، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، توركیا و عێراق دو گەلن یەك مێژویان هەیە و بەرژەوەندی هاوبەش كۆماندەكاتەوە، داهاتویەكی مژدەبەخش بۆ هەردولا دابین دەكەین، كۆبونەوەی ئەمڕۆمان زۆر بەرهەمداربو.

سەرۆكوەزیرانی عێراق وتیشی،"ئەو پرسانەی وروژێندران زۆر گرنگ بون، قەبارەی ئێستای بازرگانی نێوان هەردولامان لە ئاستی 20 ملیار دۆلاردایە، بەڵام ئێمە چاومان لەوەیە ئەو ئاستە زۆر زیاد بكەین".

وتیشی،"توركیا دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لەروی ئابوری و پیشەسازی و بەرگری سەربازی، بۆیە كەشوهەواكە زۆر گونجاوە بۆ گواستنەوەی ئەو دەستكەوتانە، لەچوارچێوەی بەرژەوەندی هەردو گەلدا.

سەرۆكوەزیرانی عێراق راشیگەیاند"هەرچەندە كۆتاییمان بە داعش هێناوە، بەڵام داعش دەیەوێت سەرلەنوێ زیندوبێتەوە، ئێستا ئەو رێكخراوە لە چەند شوێنێكی بچوك هەوڵی ئەنجامدانی چالاكی دەدەن، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین زیندوببنەوە".

عادل عەبدولمەهدی وتیشی"ئەو كاتەی عێراق توشی سەخترین كارەسات بو، گەلی توركیا و حكومەتەكەی پشتیوانی ئێمەیان كرد، لەو كاتەی تیرۆر دەستی باڵابو لە عێراق، تەنانەت شۆفێرو دبلۆماتكاری توركی گیران، لە توركیا بریندارەكانی عێراق چارەسەردەكران".

سەبارەت بە رێكەوتنە كۆنەكانی نێوان هەردو وڵات، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی،"ئێمە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر توركیا جا لەژێر هەرناوێكدا بێت".

ئاماژەی بەوەشكرد كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق رۆژ بە رۆژ گەشە دەكات، عێراق فەرە رەهەندە بەپێی دەستور، هاوكات رژێمێكی ئیتیحادی هەیە كە هەمو خاكەكەی كۆدەكاتەوە.

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند،"ئێمە لە هەوڵداین ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا جێگیر بكەین، بەرژەوەندی ئێمە لە هەمو ناوچەكان ئەوەیە كە سەقامگیری هەبێت و ئاشتەوایی هەبێت".










Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP