ئەنجومەنی پیران لەبارەی ئێرانەوە داوای رونکردنەوەی بەپەلە لەترەمپ دەکات

- 5/15/2019 9:18:00 PM 18430 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای رونکردنەوەی بەپەلەیان لە دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی کۆشکی سپی کردوە لەبارەی هۆکارەکانی کشانەوەی ستافەکەیان لەعێراق و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ناوچەیە.

بەپێی هەواڵێکی ئین بی سی نیوز، ئێوارەی ئەمڕۆ پاش بڕیاری کشانەوەی بەشێک لەستافی دپلۆماتکارانی ئەمریکا لەعێراق، ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای رونکردنەوەیان لەبارەی هۆکارەکانی ئەو بڕیارە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ناوچەیە کردوە.

داوای زانیاری لەبارەی بریاری کشانەوەی ستافەکەیان لەعێراق و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەکە دەکەن

بۆب بێنەندز سیناتۆری ویلایەتی نێوجرسی و ئەندامی دیموکراتەکان لەلیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای لەئیدارەی کۆشکی سپی کردوە کەدەستبەجێ زانیاری تەواو لەبارەی بریاری کشانەوەی ستافەکەیان لەعێراق و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەکە و ئەگەری روبەروبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەو رژێمە بدەنە لیژنەکەیان.
یان ستافەکە لەمەترسیدان یاخود دەبێت ئەم پلانە ئامادەکاری بێت بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران

لەمیانەی رونکردنەوەی لیژنەکەیان لەئەنجومەنی پیران، بێنەندز رونیکردۆتەوە کە دەبێت دوو هۆکار هەبێت بۆ بڕیاری کشانەوەی ستافەکەیان لەعێراق، ئەوانیش یان ستافەکە لەمەترسیدان یاخود دەبێت ئەم پلانە ئامادەکاری بێت بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

هاوکات، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پیران رایگەیاندوە ئەوە ئەرکی کۆمیتەکەیانە کە پرۆژە یاسایەک بنوسێت بۆ پێدانی دەسەڵات بۆ پاراستنی زیاتری ستافەکەیان لەعێراق یانی بەکارهێنانی هێز لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، داوا لە ستافەکەیان دەکەن بەپەلە عێراق جێبهێڵن، هۆکارەکەشیان بۆ ناجێگیری دۆخی ئەمنی عێراق گێڕایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراقی بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی دەڵێت، "حکومەتی ئەمریکا توانایەکی سنورداری هەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری خێرا". 

ئەوە دوەم هۆشداری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە عێراق دوای تێکچونی زیاتری پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP