له‌ شه‌ر و پێكدانی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌ هاوڵاتیه‌ك بوه‌ قوربانی

- 5/15/2019 6:43:00 PM 2116 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدانانی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا هاوڵاتیه‌ك بوه‌تە قوربانی .

رائید سه‌عدون نه‌بی هاودیانی وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، دوێنێ له‌ سنوری ناحیه‌ی شێروان مه‌زان سه‌ر به‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا هاوڵاتیه‌ك بێسه‌ر و شوێن بو، دوای گه‌ڕان به‌دوایدا ئه‌مڕۆ ته‌رمی ئه‌و هاوڵاتیه‌ دۆزرایه‌وه‌ .

وتیشی، هاوڵاتیه‌كه‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵ بوه‌ و ناوی (لازم عه‌لی فه‌قۆ) بو دانیشتوی ناحیه‌ی به‌حركه‌ بوه‌، به‌مه‌به‌ستی هێنانی رێواس و گیای به‌هاره‌ روی له‌و سنوره‌ كردبو.

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سۆران داوای له‌ هاوڵاتیان كرد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و بۆ هیچ مه‌به‌ستێك سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ نه‌كه‌ن كه‌ چاوه‌ڕوانی بۆمباران كردن و پێكدادانی سوپای توركیا و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ی لێده‌كرێت .


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP