مستەفا چاوڕەش خراپی دۆخی سەربازی پێشمەرگە دەخاتەڕو

- 5/15/2019 6:38:00 PM 4849 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێشمەرگە نە جلی جلە و نە تفەنگی تفەنگە و تائێستاش بە کۆستەر هاتوچۆیان پێدەکرێت، دەشڵێت، یەكخستنەوەی هێزەكان پێویستی بە ئیرادەی یەكێتی و پارتی هەیە و لە دەسەڵاتی وەزیرێكدا نیە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتی بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاندوە"هاوپەیمانان چەندین کۆبونەوەیان بۆ یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە پێکردوین، بەڵام یەکخستنەوەى ئەو هێزانە تەنها بە وەزیر ناکرێت، بەڵکو دەبێت یەکێتى و پارتى دڵیان باش بکەن."

وتیشى"یەکخستنەوەى هێزەکانى حەفتاو هەشتا بە خەیاڵ ناکرێت و پێداویستى دەوێ، دەبێت یەکێتى و پارتى دابنیشن و بڕیار بدەن، نەک مەسەلەکە بخرێتە دەست فڵان و فیسان و وتیشی:"ئێمە بەباشى دەزانین پێشمەرگە هى خەڵک بێت نەک حزب، بەڵام ئەمە بە خەیاڵ ناکرێ، چەک و بارەگاى دەوێ."

وتیشى"ئێمە تا ئێستا لەرێگەى کۆستەر و بەکرێ هاتوچۆ بەپێشمەرگە دەکەین، جلیان لەجل ناچێت، تفەنگیان لەتفەنگ ناچێت، پێڵاویان لە پێڵاو ناچێت، تەمەنا دەکەم لەدەمى خۆمانى بگرینەوە و ئەم هێزە یەکبخەینەوە."

پێشتریش خەندان بڵاویکردەوە کە مستەفا چاوڕەش یەکێکە لەو کەسانەی کە خۆی کاندید کردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP