مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق دەکات

- 5/15/2019 5:17:00 PM 648 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد. 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی، كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، له‌ دیدارێكدا، كه‌ مارتن وار كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بو، په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەنگاوەکانی پێكهێنانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوكرا.

لەو دیدارەدا کێشە و تەنگژەکانی کەرکوک و شنگال و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
پێویستە بریتانیا رۆڵی ئەرێنی خۆی بەشێوەیەک بگێرێت، کە لە بەرژەوەندی چارەسەرییەکان بێت

 

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، مه‌سرور بارزانی تیشکی خستوەتە سەر گفتوگۆکانی نێوان بەغداو هەولێر و هیوای خواستوە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەن، بە پێویستیزانیوە لەوبارەیەوە بریتانیا رۆڵی ئەرێنی خۆی بەشێوەیەک بگێرێت، کە لە بەرژەوەندی چارەسەرییەکان بێت. 

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵی بەرامبەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەکان نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP