سەرۆک کۆماری عێراق بانگھێشتنامەیەکی فەرمی لە پادشای سعودیەوە پێگەیشت

- 5/15/2019 3:32:00 PM 1986 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا چاوی کەوت بە حەسەن عومەری، نێردەی پادشای سعودیە و بانگھێشتنامەیەکی فەرمی لە پادشای وڵاتەکەیەوە پێگەیاند.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەی سەرۆک بەرهەم و  نێردەی پاشای سعودیە، سەرۆک بەرھەم بانگھێشتنامەیەکی فەرمی لە شا سەلمان بن عەبدول عەزیز، پادشای سعودیەوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی ئیسلامی لە شاری مەککە له‌ کۆتایی ئەم مانگەدا.

سەرۆک کۆمار لە میانی دیدارەکەدا، ئاماژەی بە سیاسەتی کرانەوەی عێراق بە روی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان بەگشتی کرد، هاوكات پەیوەندی و ئاستی ھاریکاری نێوان عێراق و سعودیەی بەرزنرخاند، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات بکات.
 
سه‌رۆك بەرهەم لە رێگای نێردەی پادشای سعودیەوه‌ رێز و سڵاوی خۆی ئاڕاستەی پادشا و گەلی سعودیە کرد و ھیوای به‌ردەوامی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ خواستن.

لەلای خۆیەوە حەسن عومەری، رێز و سڵاوی شا سەلمانی گەیاندە سەرۆک کۆمار، ھاوکات ھیوای ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی بۆ گەلی عێراق خواست، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ پشتیوانیکردنی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP