دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان داخرا
جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی سیاسی کاندیدی پێشکەشی پەرلەمان نەکرد

- 5/15/2019 2:25:00 PM 4081 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان داخست، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ لایەنێکی دیکە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوە.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، وەکو پارتی ئەمڕۆ سیڤی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
جگە لە نێچیرڤان بارزانی حەوت کەسی دیکە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە نێچیرڤان بارزانی حەوت کەسی دیکە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردوە، بەڵام جگە لە بارزانی هی کامیان کاندیدی حزب سیاسیەکان نیین.

دوشەممەی رابردو 15ی ئەم مانگە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و ماوەی سێ رۆژی بۆ پێشکەشکردنی کاندید پێکەش کرد.
حەزمان دەکرد سەرۆکی حزبەکانی دیکەش خۆیان کاندید بکەن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

هێڤیدار ئەحمەد وتیشی، "حەزمان دەکرد سەرۆکی حزبەکانی دیکەش خۆیان کاندید بکەن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوکاتەی کە سەرۆک لە ناو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرا دەیانوت، ئەگەر سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت خۆمان کاندید دەکەین، بەڵام ئێستا کەس جورئەتی نەبوە خۆی کاندید بکات".
نێچیرڤان بارزانی کاندید پارتی، یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانە

 

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دوێنێ لە لێدوانێکدا رایگەیانبو، "ئه‌و كاندیده‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی-یه‌، به‌پێی ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ئه‌و كاندیده‌ی ئێمه‌، كاندیدی پارتی، گۆڕان، یه‌كێتی-یه‌، چونكه‌ رێككه‌وتوین كه‌ به‌وجۆره‌ بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاندیدی هاوپه‌یمانه‌كانمانه‌ كه‌ پێكهاته‌ی ئه‌و وڵاته‌ن، واته‌ ئێستا كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاندیدی قه‌واره‌یه‌كه‌".
نابێت كاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ته‌مه‌نی له‌ 40 ساڵ كه‌متر بێت

 

مه‌رجه‌كانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریتین له‌وەی، نابێت كاندید ته‌مه‌نی له‌ 40 ساڵ كه‌متر بێت، هەروەها هاوڵاتی و نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان بێت و له‌ هه‌مو مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان به‌هره‌مه‌ند بێت.

هەشتی ئەم مانگە، دانیشتنی ژماره‌ (5)ى ئاسایی خولی به‌هارە له‌ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ئەنجامدرا كه‌ تایبەت بو بە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاردانەوەی لە شەقامی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.
89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە

 

89 پەرلەمانتار دەنگیان بە یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور داوە، هەریەکە لە فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، شیوعی، سۆشیالیست، پێكهاته‌كانی توركمان، مه‌سیحی و ئه‌رمه‌ن ده‌نگیان به‌ یاسایه‌كه‌ داوە.

بڕیاریشە دوای ته‌واوبونی رێكاره‌ یاساییه‌كان، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، کە بەپێی زانیاریەکان پێدەچێت لە نێوان 20 بۆ 25ی ئه‌م مانگه‌دا پەرلەمانی کوردستان سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP