فراكسیۆنی یەكێتی داوا لە سێ سەرۆكایەتیەكە دەكات كێشەی كەركوك چارەسەر بكەن

- 5/15/2019 2:02:00 PM 3462 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی لە لایەن ژمارەیەك عەرەبەوە چەند گوندێکی كورد نشین هەوڵی داگیركردنی درا، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق و پاریزگای كەركوك سەردانی ناحیەی پەلكانەی سەر بە قەزای دبز-یان كرد. 
ئەو كردەوەیە لە بەرژەوەندی پارێزگای كەركوك و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی نیە

 

دواتر ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێـتی لە هەردو ئەنجومەنەكە لەگەڵ هاوڵاتیانی ناحیەی پەلكانە كۆبونەوەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و دوای كۆبونەوە رۆژنامەوانیەكە لە راگەیەندراوێكدا رایانگەیاند، "ئەو كردەوەیە لە بەرژەوەندی پارێزگای كەركوك و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی نیە".

ئاماژەیان بەوەشکرد، "بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە رێكاری یاسایی دەگرنە بەر، چونكە ئەوە تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی دۆزی تەعریب (بە عەرەبكردنی) پارێزگاكە".
پێویستە سەرجەم بڕیارەكانی تایبەت بە بڕگەی 140ی دەستور لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دادەوە دەربچێت

 

ئەو ئەندامانە دەشڵێن، "پێویستە سەرجەم بڕیارەكانی تایبەت بە بڕگەی 140ی دەستور لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دادەوە دەربچێت و بە ئەنجامگەیاندنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش (مجلس قیادە الپوره‌) سەبارەت بە داگیركردنی زەوی و زاری هاوڵاتیانی كورد لە كەركوك رابگیرێت".   
دۆخی كەركوك بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ئەوە داهاتوی ناوچەكە نادیار دەبێت

 

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "ئەگەر بێ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە دۆخی كەركوك بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ئەوە داهاتوی ناوچەكە نادیار دەبێت".

داواشیان لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی حكومەتی عێراق كرد چارەسەر بۆ كێشەی هەوڵدانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بە عەرەبكردنی كەركوك بدۆزنەوە.

نیشانەکردن :

#یەکێتی #كه‌ركوك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP