"هەرگیز نابێت عێراق ببێتە جێگەی دوژمنایەتی هیچ لایەنێك"
عادل عەبدولمەهدی: عێراق بەردەوامە لە نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێران

- 5/15/2019 12:24:00 PM 1583 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق بەردەوامە لە نێوەندگیری نێوان هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دەشڵێت، ئاماژە هەیە كە گرژیەكان بە شێوەیەكی ئارام كۆتاییان پێدێت.
لەبارەی سزاكانی ئێران و هەوڵەكان بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە گفتوگۆمان كرد

 

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا باسی لە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کرد و رایگەیاند، "لەگەڵ باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بریتانیا و ئەڵمانیا و فرەنسا كۆبوینەوە و پێكەوە لەبارەی سزاكانی ئێران و هەوڵەكان بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە گفتوگۆمان كرد".

ئاماژەی بەوەشكرد، گەشتەكەی بۆ هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لە گەیشتنیان بە زۆر خاڵی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە هاوكاربوە.
عێراق دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لە نێوان ئەمریکا و ئێران 

 

لەبارەی رۆڵی عێراق لە گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا عەبدولمەهدی وتی، وڵاتەكەی دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت و قەیران و ئاڵۆزیەكان ئارامتربكاتەوە و لە ئێستادا لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانەكاندا عێراق لایەنێكی بنچینەییە.

عادل عەبدولمەهدی وتیشی، "لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە هەمانشێوە لەبارەی دۆخی ناوچەكە و پاراستنی عێراق و دورخستنەوەی وڵاتەكەمان لە مەترسی گفتوگۆمان ئەنجامداوە".
عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدایە و بۆ ئەوەی نەكەوینە هیچ مەترسیەكەوە 

 

ئەوەشی خستەڕو، "عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدایە و بۆ ئەوەی نەكەوینە هیچ مەترسیەكەوە، چونكە لە ئەگەری رودانی هەر روداوێك هەموان زەرەرمەند دەبین".

سەبارەت بە پلانەكانی عێراق لە ئەگەری رودانی هەر روداوێك عەبدولمەهدی وتی، "لە ئەگەری زیاتربونی گرژیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، یاخود رودانی هەر حاڵەتێكی مەترسیدار بەو هۆیەوە ئامادەكاریمان كردوە و پلانمان داناوە".
لە ئێستادا دۆخی ئاسایشی عێراق جێگیرە و ئەوەشمان بۆ ئەمریكا رونكردوەتەوە

 

راشیگەیاند، "لە ئێستادا دۆخی ئاسایشی عێراق جێگیرە و ئەوەشمان بۆ ئەمریكا رونكردوەتەوە، هاوكات وردەكاری لەو زانیاریانەدا دەكەین كە لە بەردەستماندایە و تا ئێستا هیچ جموجوڵێكمان تۆمارنەكردوە كە گومانی مەترسی و هەڕەشەی بۆ هیچ كەسێك هەبێت".

لە كۆتایی وتەكانیدا لەبارەی عێراق و دۆخی ناوچەكە عادل عەبدولمەهدی رونیکردەوە، "حكومەت لە پاراستنی هەمو ئەو كەسانەی لەناو خاكی عێراق دەژین بەرپرسیارە و هەرگیز نابێت عێراق ببێتە جێگەی دوژمنایەتی هیچ لایەنێك". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP