خەندان خشتەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بڵاودەکاتەوە

- 5/15/2019 12:21:00 PM 59551 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دوای گەیشتنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی خشتەی موچەی سەرجەم ئەو وەزارەتانەی راگەیاند، بە پێی خشتەکە رۆژی 23ی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 16-5-2019 موچەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، زێرەڤانی، فەرماندەی بەرگری فریاکەوتن، بەرێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە دابەشدەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: رۆژی یەکشەممە، 19-5-2019 موچەی وەزارەتی شارەوانی و کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن و پلاندانان و کشتوکاڵ و دیوانی چاودێری دارایی و هەریەک لە دەستەکانی مافی مرۆڤ، وەبەرهێنان، دەستپاکی، ژینگە، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەزگای مین و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە پارەی نەوتی فرۆشراو و بڕی 522 ملیاری دیناری بەغدا، کە مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.

هاوکات، رۆژی دوشەممە 20-5-2019 موچەی وەزارەتی بازرگانی و رۆشنبیری و لاوان و ئاوەدانکردنەوە، سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.

رۆژی سێشەممە،21-5-2019 موچەی خانەنشینی پێشمەرگە رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەش موچەی خانەنشینی شارستانی دابەشدەکرێت و کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم دێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە.

نیشانەکردن :

#ئابوری #موچە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP