ئەمریکا داوا دەکات بەشێک لە کارمەندەکانی عێراق جێبهێڵن

- 5/15/2019 11:06:00 AM 14058 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەیەوە لە بەغدا و هەولێر داوا لەو کارمەندانە دەکات کە کاری گرنگیان نیە لە عێراقدا بەپەلە وڵاتەکە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، داوا لەو کارمەندانە دەکەن کە کاری گرنگیان نیە لە عێراقدا بەپەلە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی زیادبونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراقی بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی دەڵێت، "حکومەتی ئەمریکا توانایەکی سنورداری هەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری خێرا". 

ئەوە دوەم هۆشداری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە عێراق دوای تێکچونی زیاتری پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران.

12ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا هۆشداریدایە خەڵكی وڵاتەكەی لە عێراق و رایگەیاند، "بەهۆی زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە ئاگاداری ئاسایش و سەلامەتی خۆیان بن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP