ئاسایشی ڤەنزوێلا رێگە لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت بچنە پەرلەمان

- 5/15/2019 9:54:00 AM 842 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، هێزەكانی ئاسایشی ئەو وڵاتە رێگەیان نەدا ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی بچنە باڵەخانەی پەرلەمانەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندوە، دوێنێ سێشەممە هێزەكانی ئاسایشی ڤەنزوێلا رێگەیان نەداوە بە ئەندام پەرلەمانانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكە لە كۆبونەوەی پەرلەمان بەشداریبكەن و نەیانهێشتوە بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمان.

بەشێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی رێگریان لێکراوە رایانگەیاندوە، ژمارەیەك چەكداری دەزگای زانیاری بە دەمامكەوە لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس و سوپای نیشتیمانی بە بیانوی لێكۆلینەوە لە ئەگەری بونی بۆمبێكی چێندراو لە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی، دەروازەی چونە ژورەوەیان بۆ پەرلەمان داخستوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، لەمیانی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزیە سیاسیەكانی ناو وڵاتەكەدا، هەفتەیەك لەمەوبەر دادگای ڤەنزوێلا بڕیاریدا مافی حەسانە لە ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە وەربگرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP