نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی تۆمارکرد

- 5/15/2019 8:35:00 AM 1474 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی لەناكاو بەرزبونەوەی رێژەی نەوتی خاوی ئەمریكی لە عەمبارەكانی ئەمریكا و زیاتركردنی رێژەی وەبەرهێنانی پیشەسازی چین نەوتی خاو دابەزینی تۆماركرد.
  
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بەراورد بە نرخی پێشوی 20 سەنت و بە ڕێژەی لەسەدا 0.3 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 71.0.4 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

لەكاتێكدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بە بەراورد بە نرخی پێشوتری 40 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.7 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 61.38 دۆلار.

رێژەی نەوتی خاو لە عەمبارەكارەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ماوەی هەفتەی رابردودا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرزبوەوە، بە هەمان شێوە گازۆلین و جۆرەكانی دیكەی سوتەمەنی رێژەكەیان بەرزبوەتەوە.

هاوكات گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی بەردەوام كاریگەری لە نرخی نەوتی خاو دەكات و بە شێوەیەكی گشتی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا-ی ئەندام لە رێكخراوی وڵاتانی نەوت (ئۆپیك) كە پێشتر زۆرینەی داهاتی وڵاتەكانیان لەسەر هەناردەكردنی نەوت بوە، كاریگەریەكی بەرچاوی لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا هەیە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP