بەپەلە

ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریكا و چین نرخی نەوتی بەرزکردەوە

- 5/14/2019 8:35:00 AM 2661 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزی لە گفتوگۆ بازرگانیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چین، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەی تۆماركرد.
  
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بەراورد بە نرخی پێشوی 7 سەنت و بە ڕێژەی لەسەدا 0.1 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 70.30 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

لەكاتێكدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بە بەراورد بە نرخی پێشوتری 7 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.1 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 61.11 دۆلار.

دوای ئەوەی عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند دو كەشتی نەوتی وڵاتەكەی لەناو ئەو كەشتیانەدا بوە كە یەكشەممەی رابردو 12ی ئایار لە سنورە ئاویەكانی ئیمارات روبەڕوی هێرشێكی تێكدەرانە بونەوە و دواتر رایگەیاند ئەو كارە هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری دۆخی ئاڵوگۆڕی سوتەمەنی، نیگەرانیەكان لەبارەی ئابوری جیهان زیاتربو.

هاوكات دوای ئەوەی هەینی رابردو 10ی ئایار ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڕی 200 ملیار دۆلار باجی خستە سەر كەلوپەلی چین، گفتوگۆ بازرگانیەكانی نێوان هەردو وڵات گرژی و ئاڵۆزی تێكەوت.

ترەمپ هۆكاری بڕیاری زیادكردنی باج-ی بۆ سەر كەلوپەلی چین بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە حكومەتی پەكین پابەند نەبوە بەو رێككەوتنانەوە كە لە دانوستانەكانی چەند مانگی رابردودی نێوان هەردو وڵاتدا پێكەوە لەسەری رێككەوتون.

ئەوە لەكاتێكدایە، بە شێوەیەكی گشتی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا-ی ئەندام لە رێكخراوی وڵاتانی نەوت (ئۆپیك) كە پێشتر زۆرینەی داهاتی وڵاتەكانیان لەسەر هەناردەكردنی نەوت بوە، كاریگەریەكی بەرچاوی لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا هەیە.

هاوکات بەپێی هەواڵێکی بزنس ئینسایدەر، لە وەڵامی زیادکردنی گومرگی سەر کەلوپەلەکانی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، چین پلانی داناوە لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوەوە بەقەبارەی 60 ملیار دۆلار گومرگی سەر سەدان جۆر کەلوپەلی هاوردەکراوی ئەمریکی زیاد بکات.

لەوباریەوە وەزیری دارایی چین رایگەیاندوە، بەپێی پلانەکەیان گومرگی سەر نزیکەی دوو هەزار و 500 پارچە کەلوپەلی هاوردەکراوی ئەمریکا زیاددەکەن، رێژەی گومرگی زیادکراو لە سەدا پێنجەوە بۆ لەسەدا 25 دەبێت.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP