بەپەلە

سەركردایەتیەكی یەكێتی هۆشداریی دەدات
ئارێز عەبدوڵا داوایەك ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات

- 5/13/2019 10:06:00 PM 86590 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گواستنەوەی فەرمانبەرە یەكێتیەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ وەزارەتەكانی حكومەت كاردانەوەی لێكەوتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت،"لە کاتێکدا کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێکدەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو".

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاندوە،"لە ھەلومەرجێکدا کە ھەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتە باشەکانی رێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ ھەواڵی گواستنەوەی نزیکەی ھەمو فەرمانبەرە یەکێتیەکان و چەند پارتیەکی ناو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتەکان بڵاوکرایەوە. ئەو ھەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێک بووکە بە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە". 

ئارێز عەبدوڵا لەو بارەیەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاندوە، "ئەو فەرمانبەرانە دەمێکە لەوێ کاردەکەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بونایە".

سەركردایەتیەكەی یەكێتی دەشڵێت،" ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێک دەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو".

ئاماژەی بەوەشكردوە كە "سەیرکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەڵەی حزبایەتی کارێکی نەشیاوە، ئەبێ ھەمو لایەک بزانین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت موڵکی ھەمو خەڵکی کوردستانن و ناکرێ لایەنێک یان چەند لایەنێک لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بکەن".

سەركردایەتیەكەی یەكێتی راشیگەیاندوە،"لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناکرێ بەھۆکاری بیروبۆچونی جیاواز ھاوڵاتیان بەگشتی و کارمەندانی حکومەت بەتایبەت لە مافەکانیان بێ بەش و جیاکاریان پێبکرێ.  سزادانی بەکۆمەڵ کارێکی نا دەستوری و رێکارێکی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە ھەنگاوانە بندرێن".

ئارێز عەبدوڵا دەشپرسێت، راستە چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتیەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟ 

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاندوە،"ھەواڵێکی وا ھەیە کە ھەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشکردن دەکرێن. ئەوەش ھەنگاوێکە کە نە لەڕوی سیاسی و نە لە روی یاسایی لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێت.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا داوای لە سەرۆکی حکومەتی ئێستا و سەرۆکی ئاییندەی ھەرێم كردوە چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەکێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکی کوردستان دروست دەکەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP