سەرۆکی سودان بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران دادگایی دەکرێت

- 5/13/2019 8:09:00 PM 823 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
عومەر بەشیری سەرۆکی سودان و چەندین گەورە بەرپرسی دیکەی رژێمەکەی بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران دادگایی دەدرێت
بەپێی هەواڵێکی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئەمڕۆ داواکاری گشتی سودان بڵاویکردۆتەوە عومەر بەشیری سەرۆکی سودان لەدادگا تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەرانی روبەرودەکرێتەوە.
چەندین جار خۆپیشاندەران روبەروی گرتن و ئازاردان بونەوە

لەماوەی خۆپیشاندانەکانی رابردوی سوداندا چەندین جار خۆپیشاندەران روبەروی گرتن و ئازاردان بونەوە و بەپێی زانیارییەکانی دەستەی رێکخەری خۆپیشاندەرانیش سەدان کەس بونەتە قوربانی.
جگەلە عومەر بەشیر هاوکات چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی رژێمەکەی سەرۆکی پێشوی سودان دادگایی دەکرێن

لەمبارەیەوە نوسینگەی داواکاری گشتی و بەرپرسی کەیسی دادگایکردنی عومەر بەشیر رایگەیاندوە جگەلە عومەر بەشیر هاوکات چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی رژێمەکەی سەرۆکی پێشوی سودان دادگایی دەکرێن.

رۆژی 11ی نیسانی رابردو، وەزیری بەرگری سودان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەی سوپای وڵاتەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، عومەر بەشیر، سەرۆكی سودان لە دەسەڵات دورخراوەتەوە و دەستبەسەرکراوە، بۆماوەی سێ مانگ دۆخی نائاسایی  راگەیەند.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی سەربازی لە سودان پێکهێنراوە و بۆماوەی دو ساڵ کارەکانی وڵات دەبات بەڕێوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەش داوای بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەکات و  خۆپیشاندەرانیش دەڵێن، هەمو دەسەڵاتێکی سەربازی رەتدەکەنەوە.

لە بەیاننامەکەی سوپای سوداندا هاتبو، "هیچ رێگەیەکمان لەبەردەمدا نیە جگە لە دروستکردنی حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە سودان-دا".

دواتر خۆپیشاندەران رایانگەیاند، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەربازی سودان ئامانجەکانی ئەوان بەدیناهێنێت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش داوایان لە سوپای سودان کردوە هاوکاریان بن تاوەکو کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتی عومەر بەشیر بهێنن، تاوەکو حکومەتێکی دیموکراتی دروستبکەن. 

هاوکات سەرجەم زیندانیان سیاسی لە سودان دوای لەکارخستنی دەسەڵاتی عومەر بەشیر ئازادکران.

نیشانەکردن :

#سودان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP