سەدر داوا لە سێ سەرۆكەیەتیەكە دەكات چاكسازی لە نەینەوا ئەنجامبدرێت

- 5/13/2019 2:52:00 PM 1005 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، خەڵكی نەینەوا پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە و داوای لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كرد بەدەم داواكاریەكانی خەڵكی ئەو پارێزگایەوە بچن.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "خەڵكی موسڵ پێویستیان بە خزمەتگوزاری و وتەی باش هەیە نەك حزبە سیاسیەكان و ئەو میلیشیایانەی لە ئاگر نزیكیاندەكەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "داوا لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق دەكات بە تایبەتی سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە جددی كاربكەن بۆ بەهاناوەچونی داواكاریەكانی خەڵكی نەینەوا".

بەپێی وتەكانی سەدر، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشتی پەردەوە خەریكی ململانێی سیاسین و نوسیویەتی، "بەداخەوە ئەو شوێنەی پێی دەوترێت (ئەنجومەنی پارێزگا) لە پشت پەردەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی كورسی خەریكی ململانێی سیاسین". 

لە نوسراوەكەیدا سەدر داوای لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كردوە ئەو یاریە كۆتاییپێبهێنن كە لەو پارێزگایەدا دەگوزەرێت و چارەسەر بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكە بكەن.

داواشیكردوە، "كەسانی شیاو و جێ متمانە بنێرن بۆ ئیدارەی نەینەوا و لەو ناسۆریە دەریبهێنن، تا دۆخێك بڕەخسێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی نوێ".

لە كۆتاییدا سەدر نوسیویەتی "ئەگەر هەڵوێستیان نەبو با جێیبهێڵن خۆمان بە ویستی خەڵكی پارێزگاكە چارەسەری بكەین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP