لەگەڵ راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێ
رزگار عه‌لی: رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ كەركوك جێبەجێ دەكرێت

- 5/13/2019 11:27:00 AM 4171 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رزگار عه‌لی، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایگەیاند، کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو کاتەش ئەو ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه‌ پەیوەندی بە کەرکوکەوە هەیە دەست بەجێ بەجێکردنی دەکرێت.

رزگار عه‌لی، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ئێمە لە ڕۆژی 4/3 ی ئەمساڵ رێککەوتنێکی سیاسیمان لەگەڵ برایانی پارتی واژۆ کرد، لەلای ئێمەوە بەڕێز کاک کۆسرەت و لەلای پارتیشەوە بەڕێز کاک نێچیرڤان بوو، ڕێککەوتنەکە لەسەر سێ بابەت بوو، بابەتی یەکەم بابەتی هەرێمی کوردستان بو، بابەتی دوەم هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی لەبەغدا، بابەتی سێیەمیش بریتی بوو لە کەرکوک، ئەوەی کەرکوک ڕێککەوتنێکی پاشکۆی سەربەخۆی بۆ کراوە."
لەگەڵ ڕاسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی حكومەتی هه‌رێم ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ كەركوك جێبەجێدەكرێت بەدانانی پارێزگاریشەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،  "رێککەوتنەکە سەبارەت بەکەرکوک ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیەیە، هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هەردولا بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکوک بەدانانی پارێزگاریشەوە لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی بەڕێزان کاک مەسعود و کاک کۆسرەت ئەوەی کە پەیوەندی بەکەرکوکەوە هەیە جێ بەجێ دەکرێت، واتا لەگەڵ پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکرێت بە جێ بەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی تایبەتە بەکەرکوک."

رزگار عه‌لی راشیگەیاند، "مەبەستمان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە، کاتێک کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو کاتەش ئەو پڕۆسەیەی پەیوەندی بە کەرکوکەوە هەیە دەست بەجێ بەجێکردنی دەکرێت واتە هاوتەریبە."
لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە پێکهاتەی تورکمان و عەرەب و لەکوردسیشدا پارتی و یەکێتی خەریکی ئەوەن ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر بکەن

 

لەبارەی ئەوەی هیچ ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەو پڕۆسەیە؟ رزگار عەلی وتی، "تا ئێستا نەخێر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هیچ شتێک نەکراوە، بەڵام تەنیا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە پێکهاتەی تورکمان و عەرەب و لەکوردسیشدا پارتی و یەکێتی خەریکی ئەوەن ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر بکەن، بۆ ئەوەی حکومەتی عیراقی پێوەی پابەند بێت بەڵام هێشتا ئەو ڕێککەتنە نەگەیشتوە بە ئەنجام، چونکە خاڵی ناکۆک هەیە لەنێوان پێکهاتەکان."

پێشتر کەمال کەرکوک، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبو، "دەبێت کەسایەتیەکى نیشتیمان پەروەرى کوردى کەرکوک بکرێتە پارێزگار، نە یەکێتى بێت و نە پارتیش بێت، تا کار بۆ هەمو کەرکوکیەکان بکات نەک لایەنێکى سیاسى دیاریکراو."
تا ئێستا لە دانیشتنە دو قۆڵیەکان یان رێکەوتنە سەربەخۆکەدا باسی ئەوە نەکراوە، پارێزگار لایەندار یان بێ لایەن بێت

 

بەڵام رزگار عەلی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تا ئێستا لە دانیشتنە دو قۆڵیەکان یان رێکەوتنە سەربەخۆکەی کە پێشتر باسم کرد لەسەر کەرکوک کراوە باسی ئەوە نەکراوە، پارێزگار لایەندار یا بێ لایەن بێت، بەڵام رای یەکلایی کەرەوەی یەکێتی ئەوەیە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەبێت بۆ یەکێتی بێت".
گوێمان لێ نەبوە برادەرانی پارتی ڕۆژێک لە رۆژان بڵێن، نابێت پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كێتی بێت

 

سەبارەت بەوەی ئایا لە رێککەوتنامەی نێوان پارتی و یەکێتیدا هاتوە، کە دەبێت پارێزگاری کەرکوک یەکێتی بێت؟، رزگار عەلی دەڵێت، "تا ئێستا ئەوەی بەفەرمی قسەمان لەگەڵ برادەرانی پارتی کردوە گوێمان لێ نەبوە ڕۆژێک لە رۆژان بڵێن، نابێت پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كێتی بێت".
کاک مەسعود وتویەتی کە کاتی خۆی هات لەسەر کەرکوک ئێمە لەگەڵ یەکێتی ڕێک دەکەوین

 

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی"کاک کۆسرەت ئەوەی بۆ ئێمەی باسکردوە، کاک مەسعود وتویەتی کە کاتی خۆی هات لەسەر کەرکوک ئێمە لەگەڵ یەکێتی ڕێک دەکەوین، واتە ڕاستی بڵێم، تا ئێستا بەو شێوە وردەکارییە باس نەکراوە بێ لایەن بێت پارێزگار یا بێ لایەن نەبێت و سەر بەیەکێتی بێت."
جەماوەری یەکێتی بەتایبەت لەکەرکوک زۆر زەحمەتە قبوڵی بکەن پارێزگارێکی بێ لایەن لەدەرەوەی یەکیتی هەبێت
دەشڵێت، "بەتێگەیشتنی من ئەوەی دەیخوێنمەوە جەماوەری یەکێتی بەتایبەت لەکەرکوک زۆر زەحمەتە قبوڵی بکەن پارێزگارێکی بێ لایەن لەدەرەوەی یەکیتی هەبێت، بڕواناکەم یەکێتی-ش قبوڵی بکات".
ساڵی ڕابردوو کە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرا لەسەر پارێزگاری کەرکوک، مەکتەبی سیاسی منی بەفەرمی کاندید کرد بۆ ئەو پۆستە 

 

ڕزگار عەلی باسی لەوەشکرد، "ساڵی ڕابردوو کە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرا لەسەر پارێزگاری کەرکوک، مەکتەبی سیاسی منی بەفەرمی کاندید کرد بۆ ئەو پۆستە کەسی تر باس دەکرێت بۆ کاندید بون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام شێوازی ڕەسمی نیە لەوەیە کەسێک بوبێت عەزی کردبێت ناوی بکەوێتە ناوانەوە خۆی کاندید کردبێت، بەڵام بەشێوازە ڕەسمیەکەی ئەوەی کە مەکتەبی سیاسی بەفەرمی نوسراوی بۆ حیزبە کوردی و عەرەب و تورکمانەکان ئەوانەی کە کورسیان هەیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەتەنها بەندەیە".
دەمێکە لەگەڵ ئەوەم کە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بڵاوبکرێتەوە

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە بڵاوناکەنەوە، رزگار عەلی  وتی، "من شەخسی خۆم دەمێکە لەگەڵ ئەوەم کە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە بڵاوبکرێتەوە، بڵاونەکردنەوەشی نازانم هیچ قازانجێکی نیە کە بڵاوناکرێتەوە، وا پێویست دەکات ئەو ڕێکەوتنە سیاسیانەی نێوان لایەنەکان بڵاوبکرێتەوە تا میللەت ئاگادار بێت چی دەگوزەرێت."

نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP