"یەك هەنگاو بێنە پێشەوە لێیان دەدەین"
سوپای پاسداران هۆشداری بە هێزەكانی ئەمریكا دەدات

- 5/12/2019 9:39:00 PM 28421 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری هەنگاونانی بەرەوپێشەوە "دەستبەجێ" هێرشدەكەینە سەرهێزەكانی ویلایەتە یەكگروەكانی ئەمریكا، دوپاتیشیكردەوە بونی سەربازانی ئەمریكی لە كەنداوی عەرەبی "هەمیشە هەڕەشە بوە و ئێستاش بوەتە هەل بۆیان".
ئەو هەشت كەشتیە فڕۆكە هەڵگرەی نزیكەی 40 بۆ 50 فڕۆكەیان هەڵگرتوە و ژمارەی هێزەكانیان نزیكەی شەش هەزار سەربازە، پێشتر هەڕەشەیەكی مەترسیداربون بۆ ئێمە، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە بوە بە هەل

 

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی یەكەی موشەكی تایبەت بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "ئەو هەشت كەشتیە فڕۆكە هەڵگرەی نزیكەی 40 بۆ 50 فڕۆكەیان هەڵگرتوە و ژمارەی هێزەكانیان نزیكەی شەش هەزار سەربازە، پێشتر هەڕەشەیەكی مەترسیداربون بۆ ئێمە، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە بوە بە هەل"، وتیشی "ئەگەر ئەمریكیەكان هەنگاوێك بۆ پێشەوە بێن دەستبەجێ هێرشدەكەینە سەریان".

ئەو فەرماندەیە لەمیانی دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەكەیدا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای بەوە تۆمەتباركرد كە لە ناوچەكەدا دەستیكردوە بە بەرپاكردنی"جەنگێكی دەرونی".

هاوكات بەهرۆز نیعمەتی، وتەبێژی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێكیدا وتەكانی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسدارانی پشتڕاستكردەوە و وتی "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ناوچەكە، فەرماندە حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە لێكۆڵینەوەیەكیدا رایگەیاندوە ئەمریكیەكان جەنگێكی دەرونیان بەرپاكردوە، بەوهۆیەوە هاتوچۆكردنی هێزەكانیان بابەتێكی ئاساییە".

ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردو وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كەشتیەكی فڕۆكە هەڵگر و فڕۆكەی موشەك هەڵگری جۆری  B-52 ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد، بەپێی وتەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە "ئەو هێزانە لە وەڵامی هەڕەشە رونەكانی ئێران" نێردراونەتە ئەو ناوچەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP