عێراق سورە لەسەر پاراستنی هاوسه‌نگی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران
سه‌رۆك كۆمار پێشوازیکرد له‌ باڵیۆزانی بریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له‌ عێراق

- 5/12/2019 8:23:00 PM 1768 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ یەک شەممە، سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد له‌ باڵیۆزانی ھەر یەک لە وڵاتانی بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق.

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆک بەرھەم ساڵح ته‌ئکیدی له‌ سوربونی عێراق کرده‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و هاریکاری هاوسه‌نگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستدا لە نێوانیاندا ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، تا ببێته‌ فاکتەرێک بۆ ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابوری لە ناوچەکە و جیھاندا، ھەروەھا رونیشیکرده‌وه‌ کە گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیقلیمی و ئەوروپا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌رۆن.
ده‌سپێکردنی گفتوگۆیه‌کی جددی و بونیادنه‌ر له ‌پێناو چاره‌سه‌ری گرفته‌کان و پێشخستنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و وه‌لانانی ناکۆکییه‌کان و دورکەتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری بەپێویستزانرا

 

سەرۆک بەرھەم ساڵح، جه‌ختی لە گرنگی ده‌سپێکردنی گفتوگۆیه‌کی جددی و بونیادنه‌ر کردەوە له ‌پێناو چاره‌سه‌ری گرفته‌کان و پێشخستنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و وه‌لانانی ناکۆکییه‌کان و دورکەتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری.

لەلای خۆیانەوە ھەر سێ باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا، خۆشحاڵی خۆیان بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانیان و ھەوڵه‌کانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ھاریکاری زیاتر لەگەڵ عێراق دووپاتكرده‌وه‌، ھاوکات ئاماژه‌یان به‌ سیاسەتی ھاوسەنگی دەرەوەی عێراق و ئەو رۆڵە گرنگه‌ی له‌ ئاستی عه‌ره‌بی و ئیقلیمی دەیگێڕێت کرد، ھەروەھا خواستی وڵاته‌كانیان بۆ بەشداریکردن لە دوباره‌ ئاوەدانکردنەوەی عێراق له‌ رێگای كۆمپانیا ئه‌وروپییه‌كان ده‌ربڕی. 

له‌ دیداره‌دا باڵیۆزانی بریتانیاو فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی ناوچه‌كه‌ ئاماژەیان بەوه‌كرد كه‌ ھاوڕان له‌گه‌ڵ تێروانینه‌كانی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دورخستنه‌وه‌ی گرژییه‌کان .

ھەر لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چۆنیەتی بەردەوامی ھاریکاری نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا لە گشت بوارەکاندا باسیان لێوه‌ کرا سه‌ره‌ڕای تاوتوێکردنی دوا پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ له‌ سایه‌ی گرژی نێوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP