سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادە: سەرۆک کۆمار توانیویه‌تی نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ری عێراق بکات و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی په‌ره‌ پێبدات

- 5/12/2019 6:19:00 PM 1398 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادە رایگەیاند، عێراق له‌سه‌ر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پێگه‌ی خۆی وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ و سەرۆک کۆمار توانیویه‌تی نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ری عێراق بکات و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی باشتر په‌ره‌ پێبدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادە د. حەنان فەتلاوی و شاندی یاوەری.

بە پێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدارەکەدا، باس له‌ دوا پێشھاته‌ ئه‌منی و سیاسیه‌كان و چالاکی هێز و لایه‌نه‌کان كرا لە پێناوی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و پشتیوانی کارنامەی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی خزمه‌تگوزا‌رییه‌‌ سه‌ره‌کییه‌کان و دابینكردنی پێداوستیه‌کانی ‌هاوڵاتیان.

ھەر لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوه‌ درا، كه‌ عێراق له‌سه‌ر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پێگه‌ی خۆی وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌، له‌و روه‌وه‌ وه‌فدی بزوتنه‌وه‌ی ئیراده‌ باسیان له‌ رۆڵی سه‌ره‌کی سه‌رۆک کۆمار کرد که‌ توانیویه‌تی نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ری عێراق بکات و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی باشتر په‌ره‌ پێبدات.
 عێراق بە جەمسەرێکی بنەڕەتی دادەنرێت لە ھاوکێشەکانی داھاتودا، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پشتیوانی پرۆسه‌ی سیاسی بکه‌ن بە پەیڕەوکردنی بنەماكانی میانڕەوی و لێبورده‌یی

هاوکات باسلەوەشکراوە، که‌ عێراق بە جەمسەرێکی بنەڕەتی دادەنرێت لە ھاوکێشەکانی داھاتودا، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پشتیوانی پرۆسه‌ی سیاسی بکه‌ن بە پەیڕەوکردنی بنەماكانی میانڕەوی و لێبورده‌یی.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌ پێویستی چارەسەرکردنی گرفت و ھەڵوێستەکان كرایەوە لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و یەکڕیزی نیشتمانی و بونیادنانی عێراقێکی خوشگوزەران و پێشکەوتودا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP