فەرید ئەسەسەرد لەبارەی كۆبونەوەی سێ قۆڵی و ناونانی جێگرانی سەرۆكی هەرێم بۆ خەندان دەدوێت

- 5/12/2019 4:15:00 PM 2401 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا نازانن پلە بۆ جێگرەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دادەنرێت یان نا، ئەوەش دەوەستێتە سەر شێوەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستەکانی حکومەتی نوێ، بەڵام لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ کورتکردنەوەی ناوەکان، هەرکات کۆبونەوەی سەرکردایەتی دیاریکرا، ناوەکان بۆ پۆستەکان یەکلایدەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەناو کاندیدەکانی یەکێتیدا منافەسە هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی حکومەت، ژمارەی کاندیدەکان زۆرن، ئەوانەی کە مەرجەکانیان تێدایە جیادەکرێنەوە، بەشێک لە ناوەکانیش یەکلاکراونەتەوە، بەڵام پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی هەیە".

سەرجەم کاندیدەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە

فەرید ئەسەسەرد راشیگەیاند، "سەرجەم کاندیدەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، بەڵام بڕیاری یەکجارەکی لای ئێمە نییە، ناتوانین بڵێین پۆستەکان یەکلانەکراونەتەوە، چونکە هەندێکجار گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا دەکرێت".

ئێمە کاتی خۆی بۆچونی خۆمانمان راگەیاندبو دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئامادەین بۆ کۆبونەوەی سێقۆڵی

سەبارەت بە کۆبونەوەی سێقۆڵی لە نێوان گۆڕان و پارتی و یەکێتیدا، ئەسەسەرد وتی، "ئێمە کاتی خۆی بۆچونی خۆمانمان راگەیاندبو دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئامادەین بۆ کۆبونەوە، بەڵام دەبێت داوامان لێبکرێت و دەبێت بزانین ئەجێندای کۆبونەوەکە چییە؟بەڵام بێگومان دەبێت پەیوەندی بە بەرنامەی کارنامەی حکومەتەوە هەبێت".

دەبێت داوامان لێبکرێت بۆ کۆبونەوەی سێقۆڵی

 

رونیشیکردەوە، "دەبێت داوامان لێبکرێت بۆ کۆبونەوەی سێقۆڵی، بەڵام ئەگەر پێشنیارێک هەبێت خاوەنی پێشنیارەکە دەبێت خۆی پەیوەندی بە لایەنەکانەوە بکات، دوای ئەوەش لایەنەکان بۆچونی خۆیان دەردەبڕن، بۆ کۆبونەوەکە".

ئەگەر کۆبونەوەی سێقۆڵی بکرێت، بەدڵنیاییەوە لەسەر پۆستەکان نابێت

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەشی خستەڕو، کۆبونەوەی سێقۆڵی ئەگەر بکرێت، بەدڵنیاییەوە لەسەر پۆستەکان نابێت، چونکە هەر لایەنێک ئێستا پۆستەکانی خۆیدەزانێت، ئەو مەسەلەیە بڕاوەتەوە، بەڵام بابەتی دیکە، هەیە بۆ نمونە حکومەت تا ئێستا کارنامەی دانەناوە، کارنامەکەشی رەنگە پێویست بە کۆبونەوە بکات،  دەبێت پێش ئەوەی حکومەت پێکبهێندرێت، لایەنەکان ئاگاداری کارنامەکە بن، پێم وانییە لەسەر ئەو بابەتەش کەس کێشەی هەبێت، ئەگەر کۆبونەوە بکرێت".

وەرگرتنی ئەو پۆستە دەوەستێتە سەر شێوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەسەسەرد دەڵێت، "وەرگرتنی ئەو پۆستە دەوەستێتە سەر شێوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە چۆن کاری پێدەکرێت، چونکە تا ئێستا نازانین یاساکە بە چ شێوەیەکە، ئایا پلە بۆ جێگرەکان دادەنرێت یان نا، جێگری یەکەم و دوەمی دەبێت یان ئەرکەکانیان بۆ دیاریدەکرێت، ئەوەش دەوەستێتە سەر شێوەی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە، دوای ئەوە سەرۆکی هەرێم کەسەکان دیاریدەکات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP