ئەحمەدی حاجی رەشید: لە سكاڵایەكدا، عێراق داوای 28 ملیار دۆلار قەرەبو لە توركیا دەكات
سلێمان عەبدوڵا یونس هۆشداری دەداتە مەسرور بارزانی لەسەر سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ توركیا

- 5/11/2019 11:00:00 PM 79044 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان، سلێمان عەبدوڵا یونس، ئاشكرایكرد كە رۆژی چوارشەممە عادل عەبدولمەهدی سەردانی توركیا دەكات و هۆشداری دایە بەرپرسانی هەرێم و خودی مەسرور بارزانی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سكاڵایەكدا، عێراق داوای 28 ملیار دۆلار قەرەبو لە توركیا دەكات.

ناکرێت لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق ھەروا سەرپێی بەسەر بەرپرسانی ھەرێم بەتایبەت بەسەر مەسرور بارزانی کە چاوەڕێکراوە سەرۆکی کابینەی داھاتوی ھەرێم بێت تێپەڕ بکات

 

لە نوێترین وتاریدا كە لەبژاردەی خەندان بڵاوكراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی (قومار بە موچەی خەڵکەوە مەکەن) بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان، سلێمان عەبدوڵا یونس، نوسیویەتی،"نوێترین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق کە وتی: جگە لەشایستەی‌ 4 مانگ بەغدا هیچ پارەیەکی‌ دیکە بۆ هەرێم نانێرێت ھەتا نەوت ڕەوانە نەکات، ناکرێت ھەروا سەرپێی بەسەر بەرپرسانی ھەرێم بەتایبەت بەسەر مەسرور بارزانی کە چاوەڕێکراوە سەرۆکی کابینەی داھاتوی ھەرێم بێت تێپەڕ بکات".

ئەوانەی دەڵێن ھەرێم نەوت ڕادەستبکات یان نەکات بەغدا ھەر پارە دەنێرێت لە باشترین حاڵەتدا قسەکەیان ھەر بۆ بودجەی ئەمساڵ راستە

 

بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان دەڵێت،"ئەوانەی دەڵێن ھەرێم نەوت ڕادەستبکات یان نەکات بەغدا ھەر پارە دەنێرێت لە باشترین حاڵەتدا قسەکەیان ھەر بۆ بودجەی ئەمساڵ راستە، دەی باشە واخەریکە نیوەی ساڵی دارایی تێپەڕدەکەین ئەی دوای ئەم 6 مانگە بۆ ساڵی دارایی نوێ چی؟"

بەپێی زانیاریەکان ڕۆژی چوارشەممە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات و یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەش بابەتی گرێبەستە 50 ساڵی و قەرزەکەی ھەرێم و ئەنقەرەیە

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، سەردانێكی عادل عەبدومەهدی بۆ توركیا ئاشكراكردوە و نوسیویەتی،" بەپێی زانیاریەکان ڕۆژی چوارشەممە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات و یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەش بابەتی گرێبەستە 50 ساڵی و قەرزەکەی ھەرێم و ئەنقەرەیە، کەڕێگرە لەوەی ھەولێر بتوانێت نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوبابەتە تەنگی بە عێراق ھەڵچنیوە و سەرۆک وەزیران لەبەردەم دوڕیان و بڕیارێکی قورسدایە".

باشترە بەڕێوەبەرانی ھەرێم بزانن لەدوای قسەکانی وەزیری نەوت و ئەو سەردانەی عەبدولمەھدی بۆ ئەنقەرە پێشھاتی نوێ دێنە پێشەوە

 

لە كۆتایی وتارەكەشیدا، بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی هەرێم و نوسیویەتی،"باشترە بەڕێوەبەرانی ھەرێم بزانن لەدوای قسەکانی وەزیری نەوت و ئەو سەردانەی عەبدولمەھدی بۆ ئەنقەرە پێشھاتی نوێ دێنە پێشەوە، کە گرنگە ھەرێم چاوی خۆی لەئاستیاندا بکاتەوە، چونکە ھەرکەسێک لای وابێت بەغدا بەخۆڕایی و بەبێ ڕادەستی نەوتەکەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە مانگانە بێ گرفت پارە بۆ ھەرێم دەنێرێت ئەوە یان گەمژەیە یان حەرامزادەیەکی سیاسیە و چاوی بڕیوەتە ڕوخانی ھەرێم و داتەپینی پێشوەختەی کابینەی نۆیەم و قومار بە باری دارایی ھەرێم و موچەی خەڵکەوە دەکات".

سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ توركیا بەشێكی پەیوەندی بە ژوری بازرگانی جیهانی (ICC) هەیە، كە عێراق سكاڵایەكی لەسەردەمی حەیدەر عەبادی لە سەر توركیا تۆماركردوە

 

هەر سەبارەت بەو پرسە، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ توركیا بەشێكی پەیوەندی بە ژوری بازرگانی جیهانی (ICC) هەیە، كە عێراق سكاڵایەكی لەسەردەمی حەیدەر عەبادی لە سەر توركیا تۆماركردوە، ئێستا داوای 28 ملیار دۆلار دەكات لە توركیا".

توركیا داوای كردوە لێپرسینەوەی دادگا بوەستێنرێت، عێراقیش دەڵێت، تاكو توركیا رێكەوتنێكی پابەندبون واژۆ نەكات بەهیچ شێوەیەك لێپرسینەوەكانی دادگا ناوەستێنین

 

ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی،"توركیا داوای كردوە لێپرسینەوەی دادگا بوەستێنرێت، عێراقیش دەڵێت، تاكو توركیا رێكەوتنێكی پابەندبون واژۆ نەكات بەهیچ شێوەیەك لێپرسینەوەكانی دادگا ناوەستێنین، من ئێستا كۆمەڵێك بەڵگەم لایە و خەریكی بەدواداچونەكانم لەسەر ئەو كەیسە، كە هەندێك وردەكاری تێدایە لەوانەش مەرجەكانی عێراق و مەرجەكانی كوێت".

رێكەوتنەكانی 1946 و 1977 و 2010 هیچیان مەسەلەی هەرێمی تێدا نیە، بەڵكو تەنها لەنێوان دو دەوڵەتدایەو توركیا پێشێلی رێكەوتنەكەی كردوە

 

سەبارەت بە سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی و پەیوەندی بە رێكەوتنی 50 ساڵی نێوان ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی، ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ خەندان راشیگەیاند،"ئەو دۆسیەیە هەرێمی كوردستانیان لێدەركردوە، چونكە رێكەوتنەكانی 1946 و 1977 و 2010 هیچیان مەسەلەی هەرێمی تێدا نیە، بەڵكو تەنها لەنێوان دو دەوڵەتدایەو توركیا پێشێلی رێكەوتنەكەی كردوە".

دەوڵەتی توركیا داوای كردوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگبكرێتە ناو دادگاییكردنی ناوبژیوانیەكەوە، بەڵام حكومەتی عێراق دەڵێت، نەخێر بانگناكرێت

 

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشكرد،"دەوڵەتی توركیا داوای كردوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگبكرێتە ناو دادگاییكردنی ناوبژیوانیەكەوە، بەڵام حكومەتی عێراق دەڵێت، نەخێر بانگناكرێت، چونكە پەیوەندی بە رێكەوتنەكانی پێشوەوە نیە، و داواكارییەكەی توركیای رەتكردۆتەوە.

دەبێت لە ساڵی 2020 رێكەوتنێكی تازە بكرێت لەنێوان هەرێم و بەغداد و هەفتەی داهاتوش وەفدێكی باڵای هەرێم دێتە بەغداد

 

سەبارەت بە ئەگەری مەترسی بڕینی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە وتی،" موچەی فەرمانبەران، جێگیركراوە لەناو پرۆژە یاسای 2019، رەنگە بتوانن كەمی بكەنەوە بەپێی دەقی یاساكە، بەڵام ناتوانن بیبڕن، چونكە لەئێستادا حكومەتی عێراق نایەوێت پێشێلی یاسا بكات"، وتیشی،"دەبێت لە ساڵی 2020 رێكەوتنێكی تازە بكرێت لەنێوان هەرێم و بەغداد و هەفتەی داهاتوش وەفدێكی باڵای هەرێم دێتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP