كەمال كەركوكی میكانیزمەكانی ئاسایكردنەوەی كەركوك و مەرجەكانی دانانی پارێزگار بۆ خەندان دەخاتەرو

- 5/10/2019 7:37:00 PM 22358 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- بڕیار جەلال

كەمال كەركوكی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، میكانیزمەكانی ئاسایكردنەوەی كەركوك و مەرجەكانی دانانی پارێزگار بۆ خەندان دەخاتەرو رایدەگەیەنێت، "بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، هەر پارێزگارێك دابنرێت لەناو ئۆفیسەكەی كەرامەتی دەشكێنرێت".
سەرەتا دەبێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە

 

د.كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك- گەرمیان، بەخەندان-ی راگەیاند: "سەرەتا دەبێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە". 
دەبێت مەلەفی ئەمنی ناو كەركوك رادەستی پۆلیس و دەزگا ئەمنیە خۆجێییەكانی کەرکوك بكرێت، كە لە پێكهاتەكانی خەڵكی كەركوك بن

 

سەبارەت بە چۆنیەتی ئاسایكردنەوەی كەركوك وتی،"پێشەكی دەبێت پێشمەرگە و سوپا لە دەرەوەی كەركوك دابمەزرێن و بڵاوببنەوە، مەركەزێكی تەنسیقیان هەبێت پێكەوە و هاوئاهەنگی بكەن، بۆ پاراستنی دەرەوەی شارو قەزاو ناحیەكان، مەلەفی ئەمنی ناو كەركوك رادەستی پۆلیس و دەزگا ئەمنیە خۆجێییەكانی کەرکوك بكرێت، كە لە پێكهاتەكانی خەڵكی كەركوك بن".
ئەو بازگە زۆرانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هێنراون، نەمێنن و بازگەکانی هاتن و رۆشتنی شارەكە، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بازگەكانی كەركوك بكرێن

 

وتیشی،"ئەو بازگە زۆرانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هێنراون، نەمێنن و بازگەکانی هاتن و رۆشتنی شارەكە، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بازگەكانی كەركوك بكرێن، كە خەڵكەكەی كەركوكی بن".
بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی گەلی توركمان ئازادبكرێن و ستافەكانیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەربەست لەبەردەم ئاڵای كوردستان لاببرێت و بەتەواوی وەكو جاران هەڵكردنی لە كەركوك ئازادبێت

لە درێژەی قسەكانیدا، د.كەمال وتی،"بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی گەلی توركمان ئازادبكرێن و ستافەكانیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەربەست لەبەردەم ئاڵای كوردستان لاببرێت و بەتەواوی وەكو جاران هەڵكردنی لە كەركوك ئازادبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و كاربكەن، لەناو ئەنجومەن بابەتی پارێزگار یەكلایی بكەنەوە".

ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگاری كەركوك، لەم قۆناغەدا نابێت نە پارتی بێت، نە یەكێتی، نە لایەنێكی سیاسی دیكە ، دەبێت پارێزگارێكی نیشتیمانپەروەر و بێلایەن بێت


سەبارەت بە بۆچونی پارتی لەسەر ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگاری داهاتوی كەركوك، د.كەمال كەركوكی وتی،"پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچونی ئەوەیە كەدەبێت پارێزگارێك هەڵبژێردرێت كە كورد بێت، نیشتیمانپەروەرو بێلایەن بێت، بۆ خەڵكی شارەكە كاربكات نەك بۆ پارتی یان یەكێتی. بۆ ئەو بابەتەش هەردو جەنابی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت لەسەری هاوڕابن، لایەنەكانی دیكەش لەناو لیستی برایەتی لەسەری هاوڕابن، لیستەکانی توركمان و عەرەبیش لەسەری هاوڕابن، ئەو كەسە ببێتە پارێزگاری كەركوك، لەم قۆناغەدا نابێت نە پارتی بێت، نە یەكێتی، نە لایەنێكی سیاسی دیكە بێت، پارێزگارێكی بێلایەن بێت ھەردو رێزداریش، كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، لەسەری "هاوڕابن" و گشت لایەنەكانی دیکەی ناو ئەنجومەنیش لەسەری هاوڕابن".
ئەگەر پارێزگارێك دابنرێت بەبێ ئاساییکردنەوەی کەرکوك، ئەوە ھەرکات حەشدی شەعبی و عەسائیبی ئەهلی حەق ویستیان دەتوانن لەناو ئۆفیسەكەی خۆی كەرامەتی بشكێنن و هیچی پێناكرێت

 

لەپرسیارێكی دیكەی خەندان سەبارەت بەوەی، دەبێت كێ پابەندی ئەم خاڵانە بێت؟ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یاخود حكومەتی فیدراڵی؟ د.كەمال كەركوكی وتی،" لە ئێستادا لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆ هەیە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیكەش كە دۆستن گفتوگۆ هەیە، دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی ئەم كارە بكات و پارتی و یەكێتیش هاوڕابن، بۆئەوەی ئەو كارانە جێبەجێ بكرێت، ئەگەر ئەمڕۆ بەو دۆخەی كە كەركوك داگیركراوە، پارێزگارێك دابنرێت بەبێ ئاساییکردنەوەی کەرکوك، ئەوە ھەرکات حەشدی شەعبی و عەسائیبی ئەهلی حەق ویستیان دەتوانن لەناو ئۆفیسەكەی خۆی كەرامەتی پارێزگار بشكێنن و هیچی پێناكرێت. لەبەر ئەوە، مرۆڤ دەبێت كەرامەتی خۆی خۆشبوێت و خۆی سوك نەكات و لەژێر داگیركاری بچێت خزمەتی مەرامی ئەو لایەنانە بكات كە خۆیان بەزۆر سەپاندوە بەسەر شارەكەدا".
ئەگەر كەسانێك هەبێت چاویان لەوەبێت لێرەولەوێ شتێكیان دەستبكەوێت بۆ گیرفانیان، بەسەرشۆڕی بۆ خۆیان هەوڵ بدەن و پارێزگارێكی كارتۆنی و ئەنجومەنێكی كارتۆنی دابنێن، بەدڵنیاییەوە ئەو كارە زۆری دەوێت و کێشەی زۆر گەورە دروست دەبێت و ھەمو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن

لەبارەی كاتی جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك- گەرمیانی پارتی وتی،"لەئێستادا خەریكین، ئەگەر کەسانێك لەناو لایەنێك نەبێت، حازربێت خۆی بفرۆشێت، زو جێبەجێ دەبێت، ئەگەر پارتی و یەكێتی و لایەنەکانی دیکەی لیستی برایەتی، وەكو مەرد پێكەوە ئیش بكەن، زو جێبەجێ دەبێت. بەڵام ئەگەر كەسانێك هەبێت چاویان لەوەبێت لێرەولەوێ شتێكیان دەستبكەوێت بۆ گیرفانیان، بەسەرشۆڕی بۆ خۆیان هەوڵ بدەن و پارێزگارێكی كارتۆنی و ئەنجومەنێكی كارتۆنی دابنێن، بەدڵنیاییەوە ئەو كارە زۆری دەوێت و کێشەی زۆر گەورە دروست دەبێت و ھەمو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن".

لەبەشێكی دیكەی لێدوانە تایبەتەكەی بۆ خەندان، د.كەمال كەركوكی وتی، "ئەوەی وتومە ئەو بەرنامەیە، ھەردولا پارتی و یەکێتی، ئێستا لەسەری ھاوھەڵوێستن. دەبێت بەو شێوەیە هەنگاو بنێین، ئەو بەرنامەیە ئەگەر لایەكیان لێی لابدات، ئەو كاتە هەمو گەلی كوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت.
لە ئێستادا پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی باشن

 

لەبارەی پەیوەندیەكانی ئێستای نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك- گەرمیان رایگەیاند،"لەئێستادا پەیوەندیەكان باشن، لەم رۆژانەدا، بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكەوە رێككەوتنێكمان واژۆكرد، ئێمە پابەندین بەو رێكەوتنەوە، کە تێیدا سەرۆکایەتی شاندی دانوستاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانم دەکرد، و گەیشتینە ڕێکەوتن لەگەڵ شاندی دانوستانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی برای بەڕێز عیماد ئەحمەد، ئەوەش بوە بنەمای سەرەکی و ھەردولا لە سەری ڕێککەوتن كە خزمەتی گەلی كوردستان دەكات.

 


نیشانەکردن :

#بەغدا #كه‌ركوك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP