نوسین بە ئاوی خۆڵەمێش

- 5/10/2019 6:45:00 PM 1823 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئیبراهیم عەبدوڵا ئاڵی، رانانی بۆ کتێبی نوسین بە ئاوی خۆڵەمێش بیرەوەرییەکانی "شێرکۆ بێکەس"کردوە و دەڵێت" ئەوەی لەم کتێبەدا بۆ من جێی مەبەستە قسەو هەڵوەستەی لەبارەوە بکەم، بەتەنێ چەمک و واتای ئەم ناونیشانەیە".

نوسین بە ئاوی خۆڵەمێش ناونیشانی کتێبی بیرەوەریەکانی"شێرکۆ بێکەس"ی شاعیرە. کە ساڵی 2013 لە دوتوێی کتێبێکی دو بەرگیدا بڵاویکردوەتەوە.

دەشڵێت: نوسەر کەم و زۆر بەلای شیکردنەوەی ناونیشانی کتێبەکەیدا نەچوە. دیارە وەکو مەتەڵ "لغز"ێک بۆ هزر و سەلیقەی خوێنەری بەجێهێشتوە. هەرکەسیش ئازادە تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆی لەبارەوە دەرببڕێت.

ئیبراهیم عبداللە ئاڵی دو سەرنج و بۆچونی لە بارەی ناونیشانەکەوە هەیە ئەوانیش:-
یەکەم: دیارە خۆڵەمێش رەنگێکی مشکی "رصاصي"ی هەیە.
بە دەربڕینێکی دی، لە ئەنجامی تێکەڵکردنی هەردو رەنگی رەش و سپی، رەنگی خۆڵەمێشی/ قوڕقوشمی "رصاصي" پەیدا دەبێت، بۆیە "نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش" واتا مەجازیەکەی  دەشێ بریتی بێت لە نوسینەوەی هەمو تاڵی و سوێری، خەموخۆشی، سەرکەوتن و ژێرکەوتن و ئومێد و نائومێدییەکانی ژیانی نوسەر بێت، بەشێوەیەکی تێکەڵ و ئاوێتە.

دوەم: ئەگەر دیقەت بدەین، دەبینین ساڵانێک پێشتر م٠ هێمن موکریانی-یش، ناونیشانی "تاریک و روون"ی بۆ دیوانی شیعرەکانی خۆی هەڵبژاردوە، کە هەر هەمان مانای هەورازو نشێو، تاڵی وشیرینیەکانی ژیان دەبەخشێت.

لێرەوە تێدەگەین کاتێ مرۆڤ عەشق و خولیا و سەلیقەی بۆ هەچ کارو پیشە و هونەر و زانستێک هەبێت هەمیشە لەباریشیدا هەیە داهێنان لە داهێناندا بکات

 

ئیبراهیم عبدوڵا نوسیویەتی: "بۆیە پێم وایە و زۆر نزیکە، شێرکۆ بێکەس لە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانەدا، ئیلهامی لە ناونیشانی (تاریک و روون) وەرگرتبێت. بەڵام داهێنانێکی ناوازەی تێداکردوە. بەجۆرێک بەلامەوە لە یەکەم جوانترە. چونکە تاریک و رون کە (بولێڵە و بومەلێڵ)یشی پێیدەوترێ، دەستەواژەیێکی ئامادەی بەکارهاتوی خاوەن پێشینەیە لە زمانی کوردیدا.بەڵام (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش) داهێنانێکە، زۆر کەمن ئەو کەسانەی توانستی ئافراندنی ئەم جۆرە ناونیشان و دەستەواژانەیان هەیە، با ئاوی ئیلهامیشی لە کانیاوێکی دی خواردبێتەوە".

لە کۆتایشدا ئاماژەیبەوەشکردوە، کەواتە تێدەگەین کاتێ مرۆڤ عەشق و خولیا و سەلیقەی بۆ هەر کاروپیشە و هونەر و زانستێک هەبێت هەمیشە لەباریشیدا هەیە داهێنان لە داهێناندا بکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP