بەپەلە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دانپێدانانی ئەندامە دەستگیركراوەكانی بڵاوكردەوە

- 5/10/2019 4:45:00 PM 12611 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دانپێدانانی ئەندامە دەستگیركراوەكانی بڵاوكردەوە.

بڵاوكردنەوەی ئەو رونكردنەوەیە دوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی ئەندامە دەستگیركراوەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هات كە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە كاتژمێر 2:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە.

دەقی رونكردنەوەكەی نەوەی نوێ:

رونکردنەوەیەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ

پاش ئەوەی ماوەی ١٥ رۆژە ئاسایشی سلێمانی چەند خۆبەخشێکی نەوەی نوێی فراندوە و ناهێڵێت نە پارێزەر و نە هیچ کەس چاوی پێیان بکەوێت و بە پیی وتەی هەندێک سەرچاوە، لە زیندانی ئاسایشدا ئەشکەنجە دەدرێن و بێ بەشن لە بچوکترین مافی خۆیان وەک مرۆڤ.

ئەمڕۆ ئاسایشی یەکێتی لە سیناریۆیەکی قێزەونی چەندبارەدا، کۆمەڵێک گەنج و خۆبەخشی هێناوەتە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و چەند قسەیەکی پێ بڵاوکردونەتەوە دوای ١٥ رۆژ لە زیندانیکردنیان.

ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لەوەی هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو وتانە و ئەو سیناریۆ قێزەونەی "ئەمنی عامەی" سلێمانی دورن لە راستیەوە و سەرتاپای درۆی شاخدارن کە ئامانج لێی لێدانە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خودی سەرۆکی جوڵانەوەکە و لاوازکردنی ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئازایەیە کە لە ماوەی رابردودا هەڵوێستی ئازایانە و رونی هەبووە و هەمیشە لە بەرەی هاوڵاتییاندا بووە.

بەڵام بە پێویستیشی دەزانین کە چەند راستیەک و سەرنجێک بۆ هاوڵاتییانی بەشەرەفی کوردستان بخەینە ڕوو:

١- ئەم گەنجە بێ چەکانەی دەستگیرکراون ماوەی ١٥ رۆژە لە "ئەمنی عامەی" سلێمانی دەستبەسەرن و کۆمپیتەر و مۆبایل و هەمو کەلوپەلیان گیراوە، خێرە ئێستا دوای ١٥ رۆژ تەنها کۆمەلە وتەیەکیان بڵاو دەکرێنەوە؟ ئەی ١٥ رۆژە بۆچی ئەم وتانەتان بڵاو نەکردۆتەوە گەر ئێوە راست دەکەن و گەریش ئەوانە وتەی راستەقینەی دڵی ئەو خۆبەخشانەن؟

٢- ئەم دانپێدانانە تەنها دوو رۆژ دوای لێدوانی فەرمی وتەبێژی دادگای سلێمانی دێت کە رایگەیاند ئەم کەیسە نە کەیسی شاسوار عەبدولواحیدە و نە هی نەوەی نوییە و تا ئێستاش ناوی شاسوار عەبدولواحید نەهاتوە، ئەی خێرە راستەوخۆ دوو رۆژ دوای ئەم لێدوانەی دادگا، ئەم دانپێدانانە ساختەیە بڵاو دەکەنەوە؟ ئایا گەر دادوەر و دادگا لە ماوەی ١٥ رۆژی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا هیچ دانپێدانانێکیان لەبەردەست نەبوبێت، خێرە بەم رۆژی جومعەیە کە نە دادگا هەیە و نە دەوامی فەرمییە، کەچی وتەی ئەوانە بڵاو دەکەنەوە؟

٣-"ئەمنی عامەی" سلێمانی خێرە ناهێڵێت ئەو کەسانە نە پارێزەریان هەبیت و نە کەس بیانبینێت؟ ئەگەر دۆسیەکە ئاسایی بوایە و ئەوانە بە راستی وتەی لەو جۆرەیان بدایە، خێرە نەتانهێشتوە هیج کەس بیانبینیت و هەروەها رێ نادەن پارەێزەریان هەبێت و نایشیانبەنە بەردەم دادوەر لە دادگا و دۆسیەکە رادەستی پۆلیس ناکەن؟

٤-لە ماوەی ١٥ رۆژی رابردودا تەنها یەکەم رۆژ (٢٠١٩/٤/٢٥) یەکێک لەو دەستگیرکراوانە لەبەردەم دادگا ئامادە بووە و دواتر ئەو رێگەیەیشیان لیگیراوە و دەستگیرکراوەکان نەدەهێنران بۆ بەردەم دادگا، بەلام لە یەکەم رۆژدا یەکیک لەو گەنجانە (رەوەند حیکمەت) لەبەردەم دادوەردا ئامادە کراوە و وتەی فەرمی بەردەم دادوەری هەیە و بە رونی وتوێتی کە ئێمە هیج کارێکی لەو شێوەیەمان نەکردوە و هەروەها بە هیج شێوەیەکیش سەرۆکی جولانەوەکە هیچ شتێکی پێ نەوتوین کە دژ بیت بە پەرلەمانتاران یاخود هەر کەسێکی تر، وە ناوبراو نامەیەکی سەرۆکی جولانەوەکەی پێ گیراوە کە سەرۆکی جولانەوەکە پێی دەڵێت (هیچ تەشهیر و قسەیەک بە هیچ کام لەو ئەندامە نارازییانە مەڵێن) و ئەم نامەیە لەبەردەم دادوەردا هەیە و جێگیرکراوە لە ئەوراقی دادگادا، کەچی خێرە ئێستا ئەو وتانەی بەردەم دادوەر ئاشکرا ناکەن و بە پێچەوانەوە وتەی دەستگیرکراوەکان عەکس بونەتەوە؟

٥-ئەم سیناریۆیانەی دەسەڵات کە لە مێژوی ٢٨ ساڵی رابردودا بەردەوام خەریکی بووە و هەر جارە و هێزێکی ئۆپۆزسیۆن یان نەیارێکی دەسەڵاتی گرتۆتەوە، ئەوا ئێمە ناترسێنێت و دڵنیاشین کە هاوڵاتییان بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بەم سیناریۆ قێزەونانە ناکەن و دوارۆژ راستیەکان دەردەخەن، و هەموو هاولاتییانی کوردستان باش لە بیریانە کە لە سەروبەندی هەلبژاردنەکانی ٢٠١٤ دا چۆن کۆمەڵیک خەلکتان هێنایە سەر شاشە و چۆن دواتر دەرکەوت هەمو ئەو وتانە بە زۆر و لە ژێر فشاردا بوون.

بۆیە لە کۆتاییدا ئێمە رای گشتی و هەمو لایەنە نێودەوڵەتی و عێراقی و ناوخۆییەکان تێدەگەێنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین و ئەم درۆ و سیناریۆیانە نەک ساردمان ناکەنەوە، بەلکو دەمانگەێنێتە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵات و بە تایبەت یەکێتی لە سلیمانی باش ترسی هەیە لە جولانەوەی نەوەی نوێ، بۆیە ئێمە هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوامین و رۆژگاریش راست و درۆ دەردەخات و لە کۆتایشدا ڕوڕەشی تەنها بۆ ئەو هێزە ناشیرینە قێزەونانەیە کە خەریکی ئەم جۆرە سیناریۆ ناشیرینانەن.

جولانەوەی نەوەی نوێ- ٢٠١٩/٥/١٠


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP