خەندان روماڵێكی تایبەت بڵاودەكاتەوە
یاسای سەرۆکایەتی هەرێم كاردانەوەی لێكەوتەوە

- 5/9/2019 8:24:00 PM 9130 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژی چوارشەممەی رابردو 8-5-2019 دانیشتنی ژماره‌ (5)ى ئاسایی خولی به‌هارە له‌ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ئەنجامدرا كه‌ تایبەت بو بە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

کۆی پرسەکە بوە جێگای مشتومڕی زۆری سیاسەتمەداران و رۆشنبیران، بەڵام لابردنی مەرجی بڕوانامە لەهەمواری یاساکەدا کاردانەوەی زۆری سەرجەم چین و توێژەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لەپەرلەمانتار و بەرپرسان و خەڵکی دەستەبژێر دژی هەموارەکە بون و لابردنی مەرجی بڕوانامەیان بەنەنگی لەقەڵەمدا، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی دیکە لەخەڵک پشتیوانی هەموارەکەیان کرد و بونی بڕوانامە بۆ وەها پۆستێک بەپێویست نازانن.

دواین كاردانەوەكانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بەیاننامەیەكی كەسایەتییە دیارو باڵاكانی بزوتنەوەی گۆڕان بو كە تیایدا رایانگەیاندبو،"یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ خواستێكی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و نادیموكراتییانه‌ كاراكرایه‌وه‌".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە كەسایەتیە دیارە باڵاكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكیان سەبارەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە، ئەمەش بەیەكەمین بەیاننامەی ناڕەزایی ناو ئەو بزوتنەوەیە دێت دوای كۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا.

عەبدوڵای مەلا نوری هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی یەكێكە لەو كەسایەتیە دیارانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداری لە دەركردنی ئەو بەیاننامەیەدا كردوە بۆ خەندان رایگەیاند:"ئەو بەیاننامەیە لە ئاستێكی باڵای گۆڕان نوسراوە و هەمو تاكێكی گۆڕانخواز دەتوانێت پشتگیری بكات".

وتیشی:"لەبەر زۆری ئەو ژمارە گۆڕانخوازەی پشتگیری بەیاننامەكەیان كردوە، بۆیە نەتوانراوە ناوەكانیان بنوسرێت، بەڵام لە ئاستی جڤاتی نیشتیمانی و پەرلەمانتارانی بەغداد و هەرێم و كەسایەتی دیاری بزوتنەوەكە بەشدارییان تێدا كردوە".

هەریەك لە (عەبدوڵای كوێخا موبارەك كەسایەتی دیاری ناو بزوتنەوەی گۆڕام، كاوە محەمەد په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌ به‌غدا، غالب محەمەد په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌ به‌غدا، عەبدوڵای مەلا نوری په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان، ئومێد حەمەعەلی په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ گۆڕان) و چەندین كەسایەتی باڵای دیكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆیان بەیاننامەكەیان بڵاوكردۆتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتوە،"ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی ‌‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی و مێژویی سه‌رشانمانه‌وه‌ روو له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ ئاست ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌دا هه‌ڵوێستی خۆمان دیاریده‌كه‌ین، كه‌ دوێنێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن پارتی، یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ خواستێكی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و نادیموكراتییانه‌ كاراكرایه‌وه‌". 

ده‌نگدانی ئاشكرا به‌ به‌ربژێری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ته‌واوی به‌شێكه‌ له‌و لادان و خراپكارییه‌ سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانه‌ی هه‌تا ئێستا پایه‌كانی سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانییان زیاتر چه‌سپاندوه‌

 

ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ ده‌شڵێن:"ئێمه‌ وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ناحیزبیكردنی سه‌رۆك و جێگیركردنی ده‌نگدانی ئاشكرا به‌ به‌ربژێری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ته‌واوی به‌شێكه‌ له‌و لادان و خراپكارییه‌ سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانه‌ی هه‌تا ئێستا پایه‌كانی سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانییان زیاتر چه‌سپاندوه‌".

حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی یاسا و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە ئەندامانی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری عێراق رەخنە لە پڕۆسەی دەنگدانی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و  رایگەیاند، "سەرۆک شەھادەی بۆ چیە نایەوێت، گرنگ ئەوەیە سیستەمەکەمان پەرلەمانیە، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان نێریشی دۆشی  و دەشڵێت "لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک دەسەڵاتی نیەو تەشریفاتیە، بەڵام لای ئێمە فول دەسەڵاتەو ھەر پەرلەمانیشە".

سەرۆکی هەرێم بەرکەوتەی پارتییە و تاكە كاندیدی ئەو حزبەش نێچیرڤان بارزانی جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی و سەرۆكوەزیرانی ئێستای هەرێمی كوردستانە، لەبارەی لابردنی مەرجی بڕوانامە لەناو پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئەم ئاوەدانی و پێشکەوتنەی کوردستان گەورەترین (شەهادەیە)، دبلۆماسییەتی نێچیرڤان گەورەترین (بڕوانامەیە) 

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی لە وتارێكدا كە خەندان بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت: ئەوانەی خوێندەوارن، شەڕ بۆ پۆست و پارە و پول دەکەن، لەبەر ئەوەی  نێچیرڤان بارزانی نەخوێندەوارە لە دەرگای ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتەی دا، بۆ ئەوەی دینارێک بو موچە پەیدابکات و کورد چۆک بو بەغدا دانەنێ، راستە  نێچیرڤان بارزانی نەخوێندەوارە، بەڵام هەمویان چاویان لێبو و داوایان لێ دەکرد کە دەڵێن نەخوێندەوارە، پۆستێکیان پێ ببەخشێ".

هاوکات نەبەز گۆران، نوسەر و روناکبیر لەمبارەیەوە لە وتارێكدا كە خەندان بڵاویكردۆتەوە، نوسیویەتی " لەسەر كەیسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لە ئێستادا هەرسێ‌ حیزبەكە ( پارتی، گۆڕان، یەكێتیی) یەك پاكێجن و، ناكرێت جیاوازیان تێدا بكرێت. ئەگەر پێشوتر جیاوازێك لە روانین هەبووبێت لەنێوان ئەم سێ‌ حیزبەدا، لەسەر ئەو كەیسە، ئێستا جیاوازییەك لەئارادا نییە و، پێكەوە كاردەكەن بۆ بە یاساكردنی دەسەڵاتی كارەكتەری خێڵ. ئەو بانگەیەشەی كە دەڵێت: " ئەمە هەمان پرۆژەكەی نەوشیروان مستەفایە." بانگەشەیەكە بۆ شێواندنی بیركردنەوە و پرۆژەكانی ئەو سەركردە كۆچكردوە و، بانگەشەیەكە لە تەنیشت تارمایی ناوەكەی ئەودا، مانا بەو خزانە دەدات ئەمڕۆ ئەو هێزە تێیكەوتوە. دەیەوێت لەرێگای شێواندنەوە، دەمامكێك بخاتە سەر خزانەكەی."

دوای بەشێك لە كاردانەوەكان کە تیایاندا رەخنەی توندی روبەروی بزوتنەوەی گۆڕان كرایەوە، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەو یاسایەی تێپەڕی ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی پارتی و گۆڕان بو، بەپێی یاساکە چوار ساڵی خولی پەرلەمان تەواو دەبێت وادەی سەرۆکی هەرێم کۆتایی دێت و سەرۆکێکی تر دەستبەکاردەبێت، ئەمەش چەسپاندنی ئەو خواستەی ئێمەیە کە داوای دەستاودەستی دەسەڵاتی تێدا دەکرێت، با خەڵکی کوردستان 45 کورسی نەدایە بە پارتی و ئەوە روینەدایە." 

 

لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێت لەم قۆناغەدا سازشی زۆرمان بۆ پارتی كرد، جه‌لال محه‌مه‌د، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان کە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە رایگەیاند، "هەر لەسەرەتاوە فراکسیۆنی پارتی مه‌رجه‌كانی بون به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی نوسیبو، بە هەندێک شتی تریشەوە، له‌به‌رچاو نه‌گرتنی مه‌رجی بونی بڕوانامە بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێکی سیاسی حیزبی نێوان گۆڕان و پارتی بو، له‌م قۆناغه‌دا سازشی زۆرمان بۆ پارتی كرد و له‌ هه‌ندێك مه‌رج خۆش بوین."
دەشڵێت "له‌م قۆناغه‌دا تاكه‌ كاندیدی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نچیرڤان بارزانیه‌ هه‌ر ئه‌ویش ده‌بێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، چونكه‌ دڵنیام ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌هێنێت، جا له‌بری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بیر له‌و شته‌ به‌سیتانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، پێموایه‌ ده‌بێت داوا له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی بكه‌ین كه‌ ژیانی خه‌ڵك خۆش بكه‌ن"

لەبەرامبەردا عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت"ئەوەی بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە دەکرێت درۆیەکی گەورەیەو پەیوەندی بەو زاتەوە نیە"

 

ئەو سەرکردەیەی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئێستا لەگردەکە دورکەوتۆتەوە ئەو هەنگاوەی پەرلەمانتارەکانی ئێستای گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تەسلیمبون بە پارتی ناو دەبات و دەڵێت"من دەزانم رێکەوتن کراوە، بەڵام ئێوەش بزانن ئەوەی بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە دەکرێت درۆیەکی گەورەیەو پەیوەندی بەو زاتەوە نیە، بەڵکو هاوشێوەی یەکێتی تەسلیمبونە بە پارتی، ئەوەی دەکرێت ۳٠ حوزیرانە، ئەوەی دەکرێت ناپاکیە". 

هەرچی فراكسیۆنەکانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی بو، هەرزو دژی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەستانەوە و ده‌نگییان به‌ یاساكە نه‌دا.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتو لەپەرلەمانی كوردستان  رەخنەی لە پرۆژەکە هەیە و دەڵێت کە  30ی حوزەیرانی 2013 دوبارە بوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە"بڕوانامە پێویست نیە بۆ سەرۆکی هەرێم، لەهەرێمێک خاوەنی سەدان هەزار قوتابی زانکۆ و پەیمانگا و دەیان هەزار بەکالۆریۆس و دەیان هەزار ماستەر و دکتۆراو ئەندازیارو یاساناس و پارێزەر و پزیشک بیت، کەچی سەرۆکی هەرێمەکەت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆیی نەبێت، موچەو ناوی پارلەمانتاری ئەوە ناهێنێ خۆت زەلیل بکەی و پێچەوانەی پرەنسیپ و مەبدەئەکانت دەنگ بدەیت و ببیتە بوکەڵەو بوکە شوشە".


لای خۆشییەوە عوسمان گوڵپی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی لە وتارێكدا كە لە خەندان بڵاوكراوەتەوە، پێیوایە ئاساییە سەرۆکی هەرێم بڕوانامەی نەبێت، گوڵپی لەپێگەی تایبەتی خۆی نوسیویەتی "لە ڕاستیدا هەر پۆستێكی سیاسی كە تایبەتمەندی نەبێت هیچ پێویستی بە مەرجی شهادە نیە، چونكە گەورە و بچوكی پۆستەكان مەرجی بونی شهادە نین، بەڵكو زەرویەتی كارەكە ئەوە واجب دەكات"

هاوکات ئومێد حەمە عەلی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی "ئەمرۆ لە پەرلەمانی کوردستان سێ هێزی پارتی, یەکێتی و گۆڕان دەنگیان بۆ پەسەندکردنی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا. ئەمە بۆ پارتی جێبەجێکردنی ئەجیندا سیاسییەکانیی و چەسپاندنی ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە سوڵتانی و دیکتاتۆرییەیەتی کە هەموو توانا سیاسی و ماددی و جاسوسی و دامەزراوەییەکانی خۆیی خستۆتە خزمەتی چەسپاندنیانەوە، بۆ یەکێتی درێژەدانە بەو خزمەتە چەند ساڵەییەی لە دوو دەیەی ڕابردودا بە خواستە سیاسی و بنەماڵەییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کردویەتی."

دەشڵێت "بەڵام بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەداخەوە هەڵەیەکی ستراتیژی خەتەرناکە، کە لەلایەکەوە چەسپاندنی قوڵتری بنەماکانی سیستەمی بە بنەماڵەیی و بە خێزانیکردنی کۆی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستانەو، لەلایەکی ترەوە، لێدانێکی کاریگەر و کوشندەیە لەو بەشە ناڕازییە دیموکراتیخوازەی کۆمەڵگەی کوردستان." 

هاوکات،عه‌باس فه‌تاح جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاندوە،"ده‌ستكاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كراوه‌ و سپاردومانه‌ به‌ ده‌ستور، بۆیه‌ هیوادارم ده‌ستوور په‌له‌ی لێبكرێت و بنوسرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دیاری بكرێت و سیستمی په‌رله‌مانی بێت یاخود سه‌رۆكایه‌تی ئیتر یه‌كلایی بكرێته‌وه‌". 

رابون مەعروف ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند" پێشتر و بۆ ئەجێنداکانی پارتی بە یاسا دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵپەسێردرا، ئەمڕۆش بۆ خاتری ئەجێنداکانی پارتی بە یاسا دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کارا کرایەوە و بە گوێرەی یاساکە دەسەڵاتە بنەڕەتییەکان لای سەرۆکی ھەرێم دەمێنێتەوە".


هاوکات نیاز لاجانی، كا ماوەیەكی زۆر بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی زاگرۆسی پارتی بوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "ئاخر، شەھادەی چی؟! کامە شەھادە! ولاتمان زۆر دەمێکە ئاو بردویەتی، کەچی ھەن لە گۆلکەی سوری خۆیان دەپێچنەوە! دەک مالتان بە قور نەگیرێ،ھەمو تەمەنی مەکتەب و خوێندن لە کوردستان لە سەد ساڵ تێپەر ناکا!"

لاجانی دەشڵێت."بە تەنیا لە بارزانی نەمر و شێخ مەحمود بروانن، خوێندن و حیکمەت و فێربون، ھەمویان گەورەترین سەروەرین! کاغەزێک کە پێ دەگوترێ بروانامە، سەخیفرین کاغەزە، ئاخر کارەسات لەوەدایە "گای بە گوونان بناسیەوە"نەک وەک خۆی!"

بەدەر لە بۆچونی سیاسی و روناكبیران و نوسەران، هاوڵاتیانیش بۆچونی جیاوازیان هەیە لەسەر كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیەك دەڵێت، پەرلەمانتار هەیە دكتۆرای هەیە، بەڵام دەنگیدا بەو كەسەی سەرۆكی بێت و بڕوانامەی نییە.

هاوکات هاوکار عەبدولستار لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت،"پەرلەمانتار هەیە دکتۆرای هەیە، بەڵام دەنگی دا بەو کەسەی سەرۆک بێت، ئاساییە بڕوانامەی نەبێت".

هەروەها هاوڵاتیەكی دیكە لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا رەخنەیەکی تەنز ئامێزی گرتوە، سیروان حەسەن لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی: ئیجازه‌ى سایه‌قى هیچ گرنگ نیە، پیاو ئیجازه‌شى نه‌بێت ئه‌توانێ سه‌یاره‌ لێ بخوڕێت!

دوێنێ چوارشەممە، لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بە دەنگی 89 پەرلەمانتار، یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هەرێم تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور پەسەندکرا و هەریەکە لە فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، شیوعی، سۆشیالیست، پێكهاته‌كانی توركمان، مه‌سیحی و ئه‌رمه‌ن ده‌نگیان به‌ یاسایه‌كه‌ دا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP