بارزانی و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبونەوە

- 5/9/2019 6:51:00 PM 1344 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە  لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبو لە دەیڤید ساترفیڵد جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت و جووی هوود جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ پاول لاكامێرا بەرپرسی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی دژی داعش.
هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش هێشتا هەر ماوە و مەترسییە بۆ ئاساییشی عێراق و سوریا و ناوچەكە

 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی بارزانی كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، "لەو دیدارەدا شاندی میوان سڵاوی تایبەتی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بە بارزانی گەیاند. هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و شاندی میوان ئەوەی دووپات كردەوە كە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایە".

دوایین گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و هەردولا جەختیان لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش هێشتا هەر ماوە و مەترسییە بۆ ئاساییشی عێراق و سوریا و ناوچەكە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP