بەپەلە

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەکەمین ڕاگەیەندراوی ناڕەزایی بڵاوکرایەوە

- 5/9/2019 4:47:00 PM 34310 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە كەسایەتیە دیارە باڵاكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكیان سەبارەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە، ئەمەش بەیەكەمین بەیاننامەی ناڕەزایی ناو ئەو بزوتنەوەیە دێت دوای كۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا.

عەبدوڵای مەلا نوری هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی یەكێكە لەو كەسایەتیە دیارانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداری لە دەركردنی ئەو بەیاننامەیەدا كردوە بۆ خەندان رایگەیاند:"ئەو بەیاننامەیە لە ئاستێكی باڵای گۆڕان نوسراوە و هەمو تاكێكی گۆڕانخواز دەتوانێت پشتگیری بكات".

وتیشی:"لەبەر زۆری ئەو ژمارە گۆڕانخوازەی پشتگیری بەیاننامەكەیان كردوە، بۆیە نەتوانراوە ناوەكانیان بنوسێت، بەڵام لە ئاستی جڤاتی نیشتیمانی و پەرلەمانتارانی بەغداد و هەرێم و كەسایەتی دیاری بزوتنەوەكە بەشدارییان تێدا كردوە".

هەریەك لە (عەبدوڵای كوێخا موبارەك كەسایەتی دیاری ناو بزوتنەوەی گۆڕام، كاوە محەمەد په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌ به‌غدا، غالب محەمەد په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌ به‌غدا، عەبدوڵای مەلا نوری په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ گۆڕان، ئومێد حەمەعەلی په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ گۆڕان) و چەندین كەسایەتی باڵای دیكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆیان بەیاننامەكەیان بڵاوكردۆتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتوە،"ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی ‌‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی و مێژوویی سه‌رشانمانه‌وه‌ روو له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ ئاست ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌دا هه‌ڵوێستی خۆمان دیاریده‌كه‌ین، كه‌ دوێنێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن پارتی، یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ خواستێكی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و نادیموكراتییانه‌ كاراكرایه‌وه‌". 

ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ ده‌شڵێن:"ئێمه‌ وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ناحیزبیكردنی سه‌رۆك و جێگیركردنی ده‌نگدانی ئاشكرا به‌ به‌ربژێری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ته‌واوی به‌شێكه‌ له‌و لادان و خراپكارییه‌ سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانه‌ی هه‌تا ئێستا پایه‌كانی سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانییان زیاتر چه‌سپاندووه‌".

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكە:

راگەیەنراوێک بۆ رای گشتی

ئێمه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ‌‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی و مێژوویی سه‌رشانمانه‌وه‌ ڕوو له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ ئاست ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌دا هه‌ڵوێستی خۆمان دیاریده‌كه‌ین، كه‌ دوێنێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن پارتی، یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ خواستێكی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و نادیموكراتییانه‌ كاراكرایه‌وه‌. له‌ ساڵانی ڕابردوودا، به‌هۆی سه‌رنه‌ویكردنی هێزه‌كان بۆ سیسته‌می سوڵتانی و حوكمی ڕه‌های به‌ یاساییكراوی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌كان ژیانی سیاسی و چاره‌نووسی پرسی دیموكراسی به‌ ئاینده‌یه‌كی نادیار سپێردراوه‌. بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌ ترسناكانه‌، بۆ چه‌ندین جار له‌ ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی یاداشتی ئاگاداركردنه‌وه‌ و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆوه‌ (ڕۆشنبیران، سیاسیه‌ خه‌مخۆره‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی و هه‌ڵسوڕاوان)ه‌وه‌ هۆشداریی ڕوون به‌ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان دراوه‌ ده‌رباره‌ی مه‌ترسییه‌كانی به‌شداریكردن له‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ده‌ركه‌وت ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ هیچ بایه‌خێكیان بۆ ناڕه‌زایی و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان نه‌بووه‌ و، ئه‌و ئه‌جێندا سیاسی و یاساییه‌یان جێبه‌جێكرد، كه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها و پره‌نسیپه‌ سیاسییه‌ دیموكراتییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ نییه‌. 
ئێمه‌ وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بێلایه‌نكردن و جێگیركردنی ده‌نگدانی ئاشكرا به‌ به‌ربژێری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ته‌واوی به‌شێكه‌ له‌و لادان و خراپكارییه‌ سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانه‌ی هه‌تا ئێستا پایه‌كانی سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانییان زیاتر چه‌سپاندووه‌. هاوئاهه‌نگی نێوان پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان له‌ چه‌سپاندن و پێدانی ڕه‌وایه‌تی یاسایی زیاتر به‌م سیسته‌مه‌ دڵخوازه‌ی هه‌ڵگرانی ئایدیای میرنشینی بنه‌ماڵه‌كان، وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسی ته‌ماشاده‌كه‌ین دژی ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپه‌ سیاسی و دیموكراتییانه‌ی ده‌شێ دواڕۆژێكی باشتر و مرۆڤانه‌تر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌دیبهێنن. ئۆباڵی ئه‌خلاقی و مێژوویی ئه‌م رووداوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و پرۆسه‌ و ڕێككه‌وتنه‌ زیانمه‌نده‌ سیاسی و یاساییانه‌. 
به‌كورتی ده‌توانین بڵێین، ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه‌ به‌رهه‌مدێ تۆخكردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵاته‌ سوڵتانییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ونی گۆڕانكاریی سیاسییه‌ به‌گشتی. 
سه‌رباری ئه‌م ڕه‌وشه‌ ترسناكه‌ی له‌ ئارادایه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ژێر په‌رده‌ی خه‌می ژیانی خه‌ڵكدا په‌رده‌پۆشیبكه‌ن و ڕه‌وایه‌تی ناڕه‌وای بۆ دروستبكه‌ن، ئێمه‌ پێمانوایه‌ نابێت ئینسانی كورد و هاونیشتمانی كوردستان ته‌سلیمی ئه‌و نائومێدییه‌ ڕێكخراوه‌ ببێت، كه‌ كاڵبوونه‌وه‌ی جیاوازی سیاسیی نێوان حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروستیكردووه‌ و، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌لی ئێمه‌ شایسته‌ی سیسته‌م و ژیانێكی باشتره‌ و، به‌رپرسیارێتی هه‌مووانه‌ وزه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپه‌كاری و هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كان گه‌شه‌پێبده‌ین و قووڵتری بكه‌ینه‌وه‌.
ژمارەیەک لەگۆڕانخوازان
٢٠١٩/٥/٩


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP