خەندان-
وتهبێژی مهڵبهندی نهینهوای یهكێتی راگهیاند، شەوی رابردو لە سنوری پارێزگای موسڵ چەکدارانی داعش چەند هێرشێکیان کردوەتە سەر هاوڵاتیانی ناوچەکە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون، هۆشداریش دەدات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا و دەڵێت، "رۆژ بە ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێت".
ژمارهیهك له تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردوەتە سهر ماڵی موختاری دووگەڕەک
غهیاس سورچی، وتهبێژی مهڵبهندی نهینهوای یهكێتی بە خەندان-ی راگهیاند، "كاتژمێر 12:30ی خولەکی شهوی رابردو ژمارهیهك له تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردوەتە سهر ماڵی موختاری ههردو گهڕهكی ئهلمهئمون و تل ڕومان خۆی و دوو منداڵی و هاوسەرەکەیان کوشتوە و دو ئەندامی دیکەی خێزانەکەشیان بریندارکردوە".
هەر شەوی رابردو نزیکەی 15 چەکداری داعش هێرشیان کردوەتە سەر گوندێک و بەهۆیەوە ژنێک کوژرا و چوار هاوڵاتی دیکەی برینداربون
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر شەوی رابردو نزیکەی 15 چەکداری داعش هێرشیان کردوەتە سەر گوندی ئەلعەدلەی سەر بەناحیەی قەراج و قەزای مەخمور، لە ئەنجامدا ژنێک کوژراوە و چوار هاوڵاتی دیکەی گوندەکەش برینداربون.
موسڵ، یەکێکە لە شارە گەورەکانی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنتڕۆڵکراو لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیانی شارەکە کوژران و زیانی گەورەش بەر ژێر خانی وڵاتەکە کەوت.
تیرۆرستانی داعش دیوەخانی شێخ سالم عەلی سالم-یان تەقاندوەتەوە
وتهبێژی مهڵبهندی نهینهوای یهكێتی رونیکردەوە، "هەر شەوی رابردو تیرۆرستانی داعش دیوەخانی شێخ سالم عەلی سالم-یان تەقاندوەتەوە، کە یەکێکە لە دیوەخانی شێخەکانی ناوچەکە، دەستیشیان گرتوە بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا".
17ی تشرینی دوەمی ساڵی 2016 هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەپشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەڕابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ-یان دەستپێكرد و چەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵکردەوە.
19ی شوباتی 2017 قۆناغی دوەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێكرد، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و یەكەكانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچونی بەرچاویان لەبەشی راستی موسڵ بەدەستهێناو لە کۆتایی هەمان ساڵدا شارەکە لە دەستی داعش دەرهێنرا.