ئەمریكا فڕۆکەی B52 کە هەڵگری چەندین جۆر موشەکە رەوانەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

- 5/8/2019 10:04:00 AM 16631 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو هێزەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانەی دەكات، ئەمریکا فڕۆکەی جۆری B52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

كاپتن بێڵ ئۆربان، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاندوە، لەناو ئەو چەكانەی رەوانەی عێراق دەكرێن فڕۆکەی جۆری B52 تێدایە.
چوار فڕۆکەی جۆری B52 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەكرێنەوە

ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی كە ئامادە نەبون ناوەكانیان ئاشكرا بكرێـت بە هەمان ئاژانسیان راگەیاندوە، چوار فڕۆکەی جۆری B52 لە ناوچەكەدا بڵاودەكرێنەوە، كە پێدەچێت ئەو ژمارەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

فڕۆکەی B52 هەڵگری چەندین موشەکی جۆراوجۆری دورمەودایە، كە توانای هێزی ئەتۆمیشی تێدایە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێوەیەكی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا موشەك لە ناوچەكەدا دەهێڵێتەوە و تا مانگی رابردو موشەكی جۆری بی-1 لە ناوچەكەدا مابونەوە.     
 پەلە دەكرێـت  لە ناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست


هاوكات ئەنجومەنی سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كار لەسەر ئەوە دەكرێت لە ناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەلە بكرێـت و ئەوەش بەهۆكاری زیادبونی گرژیەكانی نێوان ئێران و وڵاتەكەیانە.

ئەو راگەیەندراوەی شاناهان لەكاتێكدایە یەكشەممەی رابردو پێنجی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، "بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێكی رون و ئاشكرا بە ئێران كە هەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی بە توندترین شێوە وەڵامی دەدرێتەوە، ژمارەیەك فڕۆكە و موشەكی دورهاوێژ رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین".   

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی وڵاتەكەی دوای چەند ئاماژە و هۆشداریەك دێت كە لەماوەی رابردودا نیگەرانی و دڵەراوكێی دروست كردوە.

جۆن بۆڵتن وتیشی، "ویلایەتە یەكگرتوەكان نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران بەرپا بكات، بەڵام بەشێوەیەكی تەواو ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكین، كە لە لایەن هەر یەك لە سوپای پاسداران و هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە ئەنجامبدرێت".

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP