پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێتەوە

- 5/8/2019 9:19:00 AM 5270 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەدات و چیتر هەرێمی کوردستان بێ سەرۆک نابێت.

ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەدات

 

پەیامنێری خەندان لە هەولێر رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکاریەکان بۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی دەستور دەدات.

کۆبونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە پێنجی ئەم مانگە هەرسێ لایەنی سەرەکی پارتی، یەکێتی و گۆڕان گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هاوکات دوێنێ سێشەممەش هەرسێ فراکسیۆنی حزب ناکۆکییەکانیان لەبارەی جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە چارەسەرکرد، کە هەیانبو.

تەموزی 2018 پەرلەمانی کوردستان بە یاسایەک دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی هەڵپەسارد

 

11ی تەموزی ساڵی 2018 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە یاسایەک دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی هەڵپەسارد، ئەوەش دوای ئەوەی مەسعود بارزانی لە شەوی 29-10-2017 دەستبەرداربونی خۆی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ڕێگەی دوو پەیامەوە راگەیاند، كە یەكێكیان نامەیەك بو بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و ئەوەی دیكەیان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بو.

لە دوا رێنوسی رەشنوسی پێشنیازکراوی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بە سێ بڕگە باسی جێگری سەرۆکی هەرێم کراوە 

 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە دوا رێنوسی رەشنوسی پێشنیازکراوی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بە سێ بڕگە باسی جێگری سەرۆکی هەرێم کراوە و تیایدا هاتوە، "سەرۆکی هەرێم جێگری دەبێت، بەمەرجێک لە دو جێگر تێنەپەڕێت، دەسەڵاتی جێگرەکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریدەکرێت".

پڕۆژە یاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پابەند ناکات، کە دو جێگری هەبێت

 
پڕۆژە یاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پابەند ناکات، کە دو جێگری هەبێت، بەڵام ئەوە جێگیرکراوە، کە نابێت سەرۆکی هەرێم لە هیچ حاڵەتێکدا دو جێگر زیاتری هەبێت.

پارتی کاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دیاریکردوە کە نێچیرڤان بارزانی-یە

 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 3-12-2018 ەوە کاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دیاریکردوە کە نێچیرڤان بارزانی-یە و ماوەی 18 ساڵە سەرۆکی کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە (جگە لە دوو ساڵ نەبێت)، هێشتاش دیارنیە کێی دیکە لە پەرلەمان خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سیڤی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

 

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، دوای کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سیڤی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هه‌نگاوه‌كانی عه‌مه‌له‌ی ده‌ستپێده‌كات.

یەکێتی و گۆڕان-یش هەریەکەیان جێگرێکی سەرۆکی هەرێمیان بەردەکەوێت

 

یەکێتی و گۆڕان-یش هەریەکەیان جێگرێکی سەرۆکی هەرێمیان بەردەکەوێت، کە دەسەڵاتەکانیان سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریدەکات، هەر ئەویش دایان دەمەزرێنێت، واتا لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان لەسەر نادرێت.

پێشتر خەندان بڵاویکردبوەوە، یەکێتی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و گۆڕان مستەفای سەیدقادری بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردوە.

سه‌رۆكی هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ی لە پەرلەمانی سوێندی یاسایی دەخوات، ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كاردەهێنێت و جێگره‌كانی دیاری ده‌كات

 

سه‌رۆكی هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ی لە پەرلەمانی سوێندی یاسایی دەخوات، ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كاردەهێنێت و جێگره‌كانی دیاری ده‌كات، هاوکات کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت رادەسپێردرێت، لەکاتێکدا لە خولەکانی رابردودا سەرۆک حکومەت و جێگرەکەی رادەسپێردران بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، سەرۆک حکومەت جێگرێکی دەبێت کە کاندیدێکی یەکێتی لەسەری دادەنیشێت، هاوکات یاریدەدەرێکیشی دەبێت کە کەسێک لە بزوتنەوەی گۆڕان پڕیدەکاتەوە.


نیشانەکردن :

#سەرۆکایەتی هەرێم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP