بەپەلە

چاودێری خەرجیەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن
قوباد تاڵەبانی و شاندێكی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا گەیشتنە لێك تێگەیشتن

- 5/7/2019 10:19:00 PM 2062 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و شاندێكی وەزارەتی دارایی فەرەنسا گەیشتنە لێك تێگەیشتن بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم لە بوارەکانی چۆنیەتی گەڵاڵەكردنی بودجە و وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەکان و رێكخستنەوەی باجەكان لە قۆناغی داهاتودا.

سەمیر هەورامی بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئەمڕۆ 7 ئایار 2019 لە هەولێر كۆبونەوە لەنێوان قوباد تاڵەبانی و شاندێکی بەشی هاوكاری نێودەوڵەتی وەزارەتی دارایی فەرەنسا بەڕێوەچو، جێگری سەرۆكوەزیران داوایكرد فەرەنسییەكان هاوكاری حكومەتی هەرێم بن لە داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجە و چاودێریكردنی خەرجییەكان و چۆنییەتی وردبینیكردنیان، شاندەکەی فەڕەنساش لای خۆیانەوە بەڵێنیاندا لەماوەی دوو مانگدا بۆ راوێژدان بە حکومەتی هەرێم پسپۆڕەکانی خۆیان بنێرنە هەرێمی كوردستان.
هەردولا جەختیان لە بە ئەلەكترۆنیكردنی دامو دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و چاكسازیكردن لە شێوازەکانی كۆكردنەوەی باج کردەوە 

 

لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە بۆ نەهێشتنی كورتهێنانی بودجە حكومەت پێویستی بە ڕاهێنانی كارمەندەكان و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان هەیە كە هەندێكیان مێژوی دەركردنیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی چلەكان و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستادا نایەنەوە.

لە بەشێكی دیکەی كۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان لە بە ئەلەكترۆنیكردنی دامو دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و چاكسازیكردن لە شێوازەکانی كۆكردنەوەی باج کردەوە كە كێشەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندە لەیەك كاتدا.

بڕیاردرا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی كابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا فەڕەنسییەكان سیمینارێكی گەورە لەگەڵ حكومەت رێكبخەن بۆ یارمەتیدانی هەرێم لە دۆسیە داراییەكانی پەیوەست بە بودجە و خەرجی بەشێوەیەكی دروست.

لە بەشێكیتری كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرنگی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گوزار بە شێوەیەک کە دەبێت لە بودجەكانی داهاتودا گرنگی تەواو بەم دو کەرتە بدرێت و كۆتایی بەو پەراوێزخستنە بهێنرێت كە لە دواین پڕۆژەی بودجەدا تەنها 2% بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخانكرابوو.

ئەم كۆبونەوەیە درێژكراوەی كۆبونەوەی هەفتەی پێشووی قوباد تاڵەبانییە لەگەڵ شاندێكی فەڕەنسی و بەشێكە لە هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ هێنانی راوێژكاری بیانی بە مەبەستی چاكسازیکردن لە كەرتی دارایی هەرێمی كوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP