هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

کەمال کەرکوکى: پارێزگارى کەرکوک دەبێت نە پارتى بێت و نە یەکێتیش بێت

- 5/7/2019 10:15:00 PM 9232 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەنجامدانی رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت دەبێت کەسایەتیەکى نیشتیمان پەروەرى کوردى کەرکوک بکرێتە پارێزگار، نە یەکێتى بێت و نە پارتی بێت.

کەمال کەرکوکى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندوە"دەبێت کەسایەتیەکى نیشتیمان پەروەرى کوردى کەرکوک بکرێتە پارێزگار، نە یەکێتى بێت و نە پارتیش بێت، تا کار بۆ هەموو کەرکوکیەکان بکات نەک لایەنێکى سیاسى دیاریکراو."
پارێزگارى داهاتوو کەسێکى نیشتیمان پەروەر دەبێت

 

وتیشى"ئەوەندەى من بزانم پارێزگارى داهاتوو کەسێکى نیشتیمان پەروەر دەبێت، بەڵام هێشتا کەسیش دیاری نەکراوە و زووە بۆ یەکلایى کردنەوەى ئەو بابەتە."

جەختکردنەوەى بەرپرسەکەى پارتى لەسەر دانانى پارێزگارێکى بێ لایەن بۆ کەرکوک و رەتکردنەوەى بەستنەوەى مەسەلەى پارێزگار بە دەست بەکاربوونى مەسرور بارزانیەوە، لەکاتێکدایە پێشتر رزگار عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندبوو"بەپێى رێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى، لەگەڵ راسپاردنى مەسرور بارزانى دا، هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار دەدرێت و پۆستەکە بۆ یەکێتى دەبێت."

دەبێت کەرکوک ئاسایى بکرێتەوە، پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەى شار جێگیربن و ژورێکى هەماهەنگیان هەبێت

 

سەبارەت بەو کاتەى کە بەلاى پارتى یەوە گونجاوە بۆ هەوڵدان بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، کەمال کەرکوکى دەڵێت"دەبێت کەرکوک ئاسایى بکرێتەوە، پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەى شار جێگیربن و ژورێکى هەماهەنگیان هەبێت، کەرکوک رادەستى پۆلیسى ناوخۆیى بکرێت، بارەگاکانى پارتى دیموکرات و پارتى گەلى تورکمان رادەست بکرێنەوە، پاشان ئەنجومەن دەست بەکارببێتەوە."

کەمال کەرکوکى ماوەیەک فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى پێشمەرگەش بووە، بۆیە دەربارەى جم و جۆڵەکانى شەوى رابردووى داعش، پێیوایە کاتێک پێشمەرگە لەسنورى کەرکوک کشاوەتەوە و بەربەست لەبەردەم داعشدا نەماوە، داعشێکى زۆر تێکەڵى شارەکان بوون، وتى"ئەو داعشانە هەر ساتێک بێت گرفت دروستەکەن."


نیشانەکردن :

#کەرکوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP