پارتی دەیەوێت بە کراوەیی بیهێڵێتەوە
یەکێتی مەترسی هەیە و داوای رێنوسێکی رون بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێم دەکات

- 5/7/2019 12:34:00 PM 3888 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان سبەی کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەدات، بەڵام یەکلایینەکردنەوەی جێگرەکانی سەرۆکی هەرێم مشتومڕی دروستکردوە و یەکێتیش مەترسی هەیە و داوای رێنوسێکی رون بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێم دەکات.

یەکشەممەی رابردو 5-5-2019 هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هەرێمی کوردستان (پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان) بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رێكکه‌وتنی كۆتاییان ئه‌نجامدا، دوێنێش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی سبەی چوارشەممە.
لە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا تەنها دەڵێت سەرۆکی هەرێمی دو جێگری هەبێت

 

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، لە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سبەی دەنگی لەسەر بدرێت باس لەوەنەکراوە سەرۆکی هەرێمی دو جێگری هەبێت، تەنها دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگری دەبێت.
 لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە پێشنیازی دانانی دو جێگر کراوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە پێشنیازی دانانی دو جێگر کراوە، بەڵام لە کۆبونەوەی سبەی پەرلەماندا پێشنیازەکەی یەکێتی دەخرێتەوە دەنگدانەوە.
 شاندی دانوستانکاری یەکێتی بە فەرمی پەیوەندیان بە پارتییەوە کردوە بۆ ئەوەی بە رێنوسێکی رون جێگرانی سەرۆکی هەرێم یکلاییبکرێتەوە

 

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، شاندی دانوستانکاری یەکێتی بە فەرمی پەیوەندیان بە پارتییەوە کردوە، بۆ ئەوەی بە رێنوسێکی رون جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا یکلاییبکرێتەوە.
داوا لە پارتی کراوە لە پڕۆژە یاساکەدا بە رونی بنوسرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان دو جێگری هەبێت 

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "داوا لە پارتی کراوە لە پڕۆژە یاساکەدا بە رونی بنوسرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان دو جێگری هەبێت و یەکێک لە جێگرەکان بۆ یەکێتی و ئەو دیکەیان بۆ گۆڕان بێت، بەبێ ئەوەی ئەرکەکانیان دیاریبکرێت".
پارتی بەڵێنی بە تورکمانەکانی کوردستان داوە بۆ دانانی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم

 

ئەو داوای یەکێتی لە پارتی لەکاتێکدایە "پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنی بە تورکمانەکانی کوردستان داوە بۆ دانانی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم لە پشکی تورکمانەکان"، کە ئەوەش جێگەی رەزامەندی یەکێتی و گۆڕان نیە.
دانانی زیاتر لە دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم کەمکردنەوەی رۆڵی ئەو دو جێگرەیە کە لە پشکی یەکێتی و گۆڕان دەبن

 

هاوکات سەرچاوەیەکی نێوەندگیر لە پەیوەندیەکانی یەکێتی و گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، "دانانی زیاتر لە دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمکردنەوەی رۆڵی جێگرانی ئەو دو جێگرەیە کە بڕیارە لە پشکی یەکێتی و گۆڕان بن".

هاوکات عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، لە پڕۆتۆکۆڵی پەرلەماندا لە مادەی یەک لە بڕگەی دو و سێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا دەڵێت، سەرۆکی هەرێم دو جێگیری دەبێت، لە ماوەی 15 رۆژ دوای سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکرێت.
لە پرۆژەکەدا بە دوو ماددەی جیاواز دوو جێگر بۆ سەرۆکایەتی هەرێم جێگریکراوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پرۆژەکەدا بە دوو مادەی جیاواز دوو جێگر بۆ سەرۆکایەتی هەرێم جێگریکراوە و دوای کۆبونەوەی لیژنەی یاسایی بڕیاردەدەین بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین یاخود نا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP