بەپەلە

"عێراق یەكێكە لەو ناوچانە"
پێنتاگۆن: ئێران و هێزەكانی سەر بەو وڵاتە لە چەند ناوچەیەك هەڕەشەی جددین لە سەرهێزەكانمان

- 5/7/2019 9:24:00 AM 4489 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆكاری "هەڕەشەی جددی لەلایەن ئێران"ەوە رازیبوە بە ناردنی كەشتیەكی فڕۆكە هەڵگر و موشەكی دورهاوێژ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ دوشەممە رایگەیاند، "ناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و موشەكی دورهاوێژ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەڕەشە جددیەكانی هێزە سەربازیەكانی ئێرانەوەیە".
هەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی بە توندترین شێوە وەڵامی دەدرێتەوە


ئەو راگەیەندراوەی شاناهان لەكاتێكدایە یەكشەممەی رابردو پێنجی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، "بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێكی رون و ئاشكرا بە ئێران كە هەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی بە توندترین شێوە وەڵامی دەدرێتەوە، ژمارەیەك فڕۆكە و موشەكی دورهاوێژ رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین". 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی وڵاتەكەی دوای چەند ئاماژە و هۆشداریەك دێت كە لەماوەی رابردودا نیگەرانی و دڵەراوكێی دروست كردوە.
ویلایەتە یەكگرتوەكان نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران بەرپا بكات، بەڵام بەشێوەیەكی تەواو ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكین


جۆن بۆڵتن وتیشی، "ویلایەتە یەكگرتوەكان نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران بەرپا بكات، بەڵام بەشێوەیەكی تەواو ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكین، كە لە لایەن هەر یەك لە سوپای پاسداران و هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە ئەنجامبدرێت".

شاناهان دوێنێ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەشكرد، "داوا لە ئێران دەكەن سەرجەم هەڕەشەكان رابگرێت و هەر هێرشێك بۆ سەر هێزە ئەمریكیەكان و بەرژەوەندیەكانمان دەخەینە ئەستۆی ئێران".
 لە ناوچەیەکیش كە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە، عێراقە

 
سەرەڕای ئەوەی هیچ كام لە شاناهان و بۆڵتن ئامادە نەبون لەبارەی هەڕەشەكانی ئێرانەوە وردەكاری زیاتر بخەنەڕوو، بەڵام ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرز-یان راگەیاندوە، "لە لایەن ئێران و هێزە چەكدارەكانی سەر بەئێران-ەوە ژمارەیەك هەڕەشە بۆ سەر هێزە زەمینی و ئاویەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەیە و یەكێك لە ناوچەكانیش كە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە عێراقە".

دوای وتەكانی شاناهان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پێنتاگۆن) لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، "لە وەڵامی ئامادەكاریەكانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانمان ئەو جموجوڵە لە فڕۆكە و موشەكە دورهاوێژەكاندا ئەنجامدراوە".


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP