بەپەلە

پارتی چاوی بڕیوەتە هێزەکەی یەکێتی
خەندان سیناریۆکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتیەکی بەهێز ئاشکرادەکات

- 5/6/2019 10:33:00 PM 80897 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش 220 رۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەتا ئێستا درێژەی هەیە، لەروکەشدا لایەنی دوەم و سێیەمی براوەی هەلبژاردنەکە کە یەکێتی و گۆڕانن هۆکاری سەرەکی ئەم دواخستنەن و واش نیشاندراوە ناکۆکی سەرەکی نێوانیان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆکاربوباری ئەمنی و سەربازی، بەڵام بەپێی زانیاری و لێکدانەوەکانی بەشی شیکردنەوەی سیاسی خەندان، لەجەوهەردا پارتی خۆی بەمەبەست و بەهۆکاری ناوخۆیی خۆی و بەهۆکاری دەرەکیش لەرێگای بەرنامەیەکی شاراوەوە  پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی دواخستوە و ئامانجە سەرەکیەکەشی لەپاڵ چارەی گرفتە لۆکاڵیەکانی ناوخۆیدا پەرتکردن یان لانیکەم وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی هێزی چەکدارییە لە یەکێتی لەم ناوچەیەدا، کە ئەوەش دواین مەلەفی سەرەکی هەرێمەکەیە کە دەیەوێت لەدەستی یەکێتی دەربهێنێت.

ئەم هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدانی قولاپی بەخت بو بۆ گرتنی ئامانجێک

 

بەرنامەی پارتی بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئەوکات رونبوەوە کە سەرەتا رێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان واژۆکرد و بەڵێنی پێدانی جێگری سەرۆکی هەرێمی پێدان، ئەم هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدانی قولاپی بەخت بو بۆ گرتنی ئامانجێک، کە ئەویش پێدانی تەنها جێگرەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بو بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئامانج لێی دروستکردنی سەرئێشە و وەرگرتنەوەی بەشێک لەدەسەڵاتە سەربازییەکان بو لەدەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەژێر پەچەی ڕێکەوتن لەگەڵ  گۆڕاندا.

پارتی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەڕوی هێزەوە لەگەڵ یەکێتی نیە

 

لەمبارەیەوە به‌هادین نورى، سیاسه‌تمه‌دار و سكرتێرى پێشوى حزبى شیوعى عێراق لە وتارێکدا کە لەبەشی بیروڕای خەندان بڵاوکراوەتەوە نوسیویەتی "پارتی و یەکێتی لەسەر بەشکردنی هەریسەکە لە ململانێدان، پارتی دەیەوێت بە ئارەزوی خۆی بەشیبکات و یەکێتی بەمە رازی نیە، چونکە دەزانێت هاوبەشەکەی بە چ شێوەیەک بوە بە خاوەنی 46 کورسی، دەزانێت کە لە هاوکێشەی هێزی سیاسی و سەربازیدا جیاوازیەکی جدییان نیە" 
ئەم لێکدانەوەیە جارێکی دیکە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە پارتی چەندە مەبەستیەتی ئەو هاوکێشە سەربازییە بگۆڕێت، کە بەدیدی ئەو سیاسەتمەدارەش لەبنەڕەتدا، پارتی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەڕوی هێزەوە لەگەڵ یەکێتی نیە.

پارتی سیناریۆی دوەمی دەستیپێکرد کە ئەویش دروستکردنی کێبڕکێ بو لەنێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئەمنی و سەربازی، پارتی لەم گەمەیەدا ئەو دولایەنەی وەک کوڕی سێولەباخەڵ لێکردبو

 

کاتێک ئەو سیناریۆیە لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە رێگری لێکرا و سەرکردەکانی ئەو حزبە بە یەک دەنگ ڕایانگەیاند ئەو بەرکەوتەیە بەهی خۆیان دەزانن، ئینجا پارتی سیناریۆی دوەمی دەستیپێکرد کە ئەویش دروستکردنی کێبڕکێ بو لەنێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئەمنی و سەربازی، پارتی لەم گەمەیەدا ئەو دولایەنەی وەک کوڕی سێولەباخەڵ لێکردبو، کاتێک بەڵێنی بەهەردولادا پۆستەکەیان پێبدات.

دوای ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی، لەنوێترین لێدوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەزاری شۆرش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنەوە رایگەیاند کە ئەوان رێکەوتنی نوسراویان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەیە و کاروباری جێگری سەبازی و ئەمنی سەرۆکی هەرێم لای ئەوان دەبێت کەئەوەش دروست پێچەوانەی ڕێکەوتنەکەی پارتی و یەکێتیە کە تیایدا هاتوە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش دەدرێت بە یەکێتی.

پارتی توانی یارییەک لەنێوان یەکێتی و گۆڕان دروستبکات کە بەپێداگیری هەر لایەکیان بۆ وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆکاروباری سەربازی زیاتر پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوت

 

لەسیناریۆی دوەمدا پارتی دو ئامانجی سەرەکی هەبو، یەکەم لەم رێگەیەوە توانی یارییەک لەنێوان یەکێتی و گۆڕان دروستبکات کە بەپێداگیری هەر لایەکیان بۆ وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆکاروباری سەربازی زیاتر پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوت، ئەوەش لەجەوهەردا ئامانجە بنەڕەتییەکەی پارتی بو، چونکە بۆخۆی ئەو هێزە هێشتا لەکێبڕکێ و ململانێیەکی بەهێزدایە بۆ ساغکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و مەلەفە گرنگەکانی نێوانیان کە بوە بە زادەی ناکۆکیە قوڵە ناوخۆیەکانی ئەو پارتە و عەرشی مەرکەزیەتە دێرینەکەی لەرزاندوە.

پارتی دەیەوێت هێزەکەی یەکێتی پەرتبکات کە پێشتر نەیتوانیبو لەرێگای تاکتیک و فشاری میکانیزمە جۆربەجۆرکانەوە بەدەستیبهێنێت

 

لەلایەکی ترەوە بەدروستکردنی کێبڕکێی وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی، پارتی دەیەوێت هێزەکەی یەکێتی پەرتبکات کە پێشتر نەیتوانیبو لەرێگای تاکتیک و فشاری میکانیزمە جۆربەجۆرکانەوە بەدەستیبهێنێت، ئەو سیناریۆیەی پارتی کە ئامانج لێی وەرگرتن یان دوکەرتکردنی یەکەی چەسپاوی سەربازی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لەڕێگای دروستکردنی شەریکێک بۆ ئیدارەدانی هێزەکەی یەکێتی لەزۆنی سەوز.

پارتی خۆی باشدەزانێت کە هیچ کەس و لەژێر ناوی هیچ پۆستێکدا ناتوانێت ڕێنوێنی و سەرکردایەتی یەکەی سەربازی و ئەمنی ئەو بکات

 

لەم سیناریۆیەدا لەحاڵەتی هەرە خراپدا یەکە سەربازیەکەی پارتی پارێزراوە چونکە پارتی خۆی باشدەزانێت کە هیچ کەس و لەژێر ناوی هیچ پۆستێکدا ناتوانێت ڕێنوێنی و سەرکردایەتی یەکەی سەربازی و ئەمنی ئەو بکات یان مەترسی بۆ دەسەڵاتی سەربازی پارتی دروستبکات، بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لەدەستی سەرۆکی هەرێم بێت یان سەرۆکی حکومەت لەدەستی پارتی خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر مەلەفی و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئەودا مانەوە کەساڵانێکە خۆی کەسی یەکەمی ئەمنیە تیایاندا ، ئەوا پێگەکەی بەهێزترە، بۆیە لەڕوی واقعییەوە ئەوەی لە سیناریۆی ئەم هاوکێشەیەدا بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە چارەنوسی دەسەڵاتی هێزەکەی یەکێتی دەبێت، بەوەش پارتی لە کۆتا ئامانجی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمەکە نزیک دەببێتەوە، پاش ئەوەی سەرکەوتوبو لە وەرگرتنی مەلەفەکانی نوێنەرایەتی دەرەوە، نەوت و وزە، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت، دارایی و مەلەفی ئەمنی.

سیناریۆکانی پارتی بۆ پەرتکردنی هێزی یەکێتی لەرێگای جێگری سەرۆکی هەرێمەوە لەم خاڵانەی خوارەوە ڕونتر دەبێتەوە بەتایبەت کاتێک : ـ

یەکەم/ مەرجدارکردنی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم . لەم ڕوەوە خەندان زانیویەتی پارتی دیموکراتی کوردستان  و بەتایبەتیش نێچیرڤان بارزانی بەدانانی مەرجی بروانامە و زمان بۆ کاندیدی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆکاروباری سەربازی دەیەوێت پلانی دانانی ئەو کەسانەی یەکێتی خۆی دەیەوێت بۆ ئەم پۆستە، پوچەڵبکاتەوە و بەئامانجی ئەوەی دواجار کەسێک ئەو پۆستە وەربگرێت کە لەپارتی خۆیەوە نزیک بێت، چونکە ئەو کاندیدە دیارانەی کە یەکێتی دەیەوێت ئەو پۆستەیان پێبربکاتەوە مەرجەکانی پارتی نایانگرێتەوە لەڕوی زمان و بڕوانامەوە.

سەرۆکی هەڵبژێردراو بەوشێوەی کەخۆی دەیەوێت دەتوانێت یاری بەدەسەڵاتی جێگرەکانی بکات و لەرێگەی ئەم سیناریۆیەوە کە سیناریۆیەکی تەواو ئاسانە دەتوانێت زۆر بەباشی یەکێتی و گۆڕان بخاتە ململانێی دەسەڵاتداری هێزەکەی یەکێتیەوە

 

دووەم/ سەرۆکی داهاتوی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی بەتەنها خۆی لەپەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، دواتر خۆی جێگرەکانی بەدامەزراندن دیاریدەکات، بەوەش سیفەتی فەرمانبەریان دەبێت، چونکە لەپەرلەمانەوە هەڵنابژێردرێنن، ئەوکاتیش سەرۆکی هەڵبژێردراو بەوشێوەی کەخۆی دەیەوێت دەتوانێت یاری بەدەسەڵاتی جێگرەکانی بکات و لەرێگەی ئەم سیناریۆیەوە کە سیناریۆیەکی تەواو ئاسانە دەتوانێت زۆر بەباشی یەکێتی و گۆڕان بخاتە ململانێی دەسەڵاتداری هێزەکەی یەکێتیەوە.

ئاماژە خراپەکانی ئەم سیناریۆیە کاتێک روندەبێتەوە کە شوڕش حاجی لەنوێترین لێدوانی دوای ڕێکەوتنی ڕاگەیەندراوی پارتی و یەکێتی وتی :پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆکاروباری سەربازی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کردۆتەوە، پێشتریش شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەکانی حەفتای سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاندبو ئەوان بەهیچ جۆرێک پابەندی دەسەڵاتەکانی جێگرەکەی گۆڕان نابن.

پارتی دەیەوێت لەڕێگەی ململانێی ئەو سەرکردانەی گۆڕان و یەکێتی کە پێشتریش دانویان پێکەوە نەدەکوڵا چارەنوسی دەسەڵاتی هێزەکەی یەکێتی بەرەو چارەنوسێکی نادیار ببات

 

ئەمەش سەرەتای سەرەداوەکانی بەرنامە تاریکەکەی پارتی دەردەخات کە دەیەوێت لەڕێگەی ململانێی ئەو سەرکردانەی گۆڕان و یەکێتی کە پێشتریش دانویان پێکەوە نەدەکوڵا چارەنوسی دەسەڵاتی هێزەکەی یەکێتی بەرەو چارەنوسێکی نادیار ببات.چونکە رونە لەو ململانێیانەدا ئەگەری پەراوێزخستنی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە و ئیمتیازاتەکانی هێزەکە وەک پلەبەرزکردنەوە و پێشخستنیان لەڕوی راهێنانی سەربازی و چەندین خاڵی دیکەی گرنگ بۆ کەرتی سەربازی ئەگەرێکی بەهێزدەبێت.

پارتی لەناو گەرمەی ئەو سیناریۆیانەدا لەئێستادا دوچاری ململانێیەکی گەورەی ناوخۆیی بوەتەوە

 

هاوکات، خەندان لەڕێگەی سەرچاوەیەکی نزیک لەنێچیرڤان بارزانی زانیویەتی کە پارتی لەناو گەرمەی ئەو سیناریۆیانەدا لەئێستادا دوچاری ململانێیەکی گەورەی ناوخۆیی بوەتەوە لەنێوان دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانی پێداگیری لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرپەرشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی و زێرەڤانی و ئەنجومەنی ئاسایشیش دەکات

 

بەپێی زانیارییەکانی خەندان، نێچیرڤان بارزانی پێداگیری لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرپەرشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی و زێرەڤانی و ئەنجومەنی ئاسایشیش دەکات. 

رونە کە نێچیرڤان بارزانی وەک پاشای بەئەزمونی حوکمڕانی زەرد دەیەوێت کۆنترۆلی هێزی چەکداری لەپارتی و یەکێتی لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە

 

ئەم داواکارییانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەسرور بارزانی مایەی نیگەرانیە، چونکە رونە کە نێچیرڤان بارزانی وەک پاشای بەئەزمونی حوکمڕانی زەرد دەیەوێت کۆنترۆلی هێزی چەکداری لەپارتی و یەکێتی لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە. 

نێچیرڤان بارزانی لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکات بەشێک لەهێزەکانی زێرەڤانی بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەم هەنگاوەی پشتیوانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای هەیە

 

سەبارەت بەم باسە خەندان زانیویەتی کە نێچیرڤان بارزانی لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکات بەشێک لەهێزەکانی زێرەڤانی بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەم هەنگاوەی پشتیوانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای هەیە کە ئەوانیش داوای یەکخستنی یەکەکانی 70 و 80 یەکێتی و پارتی دەکەن کەئەمەش هاوکاری دەکات هەتا لەکلاوڕۆژنەی ئەو داوا دەرەکیە بەهێزەوە دەرفەت بهێنێت و هێشتنەوەی دەسەڵاتی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە لەبندەستی خۆیدابهێڵێتەوە.

سەرۆكی داهاتو دەیەوێت بەشێکی زۆر لە هێزەکانی زێرەڤانی پارتی بکاتە گاردی سەرۆکایەتی هەرێم و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەدەستی خۆی بیانهێڵێتەوە

 

هەر پەیوەندیدار بەو مەلەفە خەندان زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەشێکی زۆر لە هێزەکانی زێرەڤانی پارتی بکاتە گاردی سەرۆکایەتی هەرێم و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەدەستی خۆی بیانهێڵێتەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەش کاندیدەکەی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی دو جێگرەکەیەوە ئەم بابەتە بکاتە دیفاکتۆ بەسەر پارتی لەلایەک و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەلایەکی تر. 

ئەندازیاری داواکارییەکەی ئەمدواییەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەڵێنی پێدانی جێگری دوەم بۆ سەرۆکی هەرێم  بە یەکێتی خودی نێچیرڤان بارزانی بوە 

 

بەپێی لێکدانەوەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ خەندان، ئەندازیاری داواکارییەکەی ئەمدواییەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەڵێنی پێدانی جێگری دوەم بۆ سەرۆکی هەرێم  بە یەکێتی خودی نێچیرڤان بارزانی بوە بەم ڕێگایەشەوە دەیەوێت سێ ئامانج بپێکێت، ئەوانیش:

یەکەم/ لەم ڕێگایەوە خۆی لەبزوتنەوەی گۆڕان نزیکدەکاتەوە بەتایبەت کە لە ڕێکەوتنی نێوان ئەو بزوتنەوەیە و حزبەکەی بەدەستی بەتاڵ هاتبوە دەرەوە و هیچ نەخشێکی ئەوی تێدا نەبو.
دوەم/ هێزی چەکداری پارتی دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە
سێیەم/ لەڕێگەی جێگرەکەی خۆیەوە، کە بەدانانی مەرجی بروانامە و زمانزانی سنورداری کردوە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو، لەدەرەوەی خواستی یەکێتی دەیەوێت دەسەڵاتی هێزەکەی یەکێتیش بخاتەوە ناو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە کە هەر خۆی خاوەنداری دەکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP