بەپەلە

"پێنج کەسی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە"
حاکم عومەر ئەحمەد: سەرجەم ئەندامانی نەوەی نوێ بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراون

- 5/6/2019 7:30:00 PM 15608 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی رایگەیاند: تا ئێستا پێنج کەس لە ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و پێنج کەسی دیکەشیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە.

حاکم  عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی بەخەندان-ی راگەیاند،"تا ئێستا پێنج کەس لە ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکراون، پێنج کەسی دیکەشیان فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە بۆ دەرچوە، بەڵام شوێنیان نادیارە و تا ئێستا دەستگیرنەکراون و هێزە ئەمنییەکان هەوڵدەدەن دەستگیریان بکەن".

وتیشی: هۆکاری گرتنەکەشیان پەیوەندی بە سكاڵای هەریەك لە پەرلەمانتار شادی نەوزاد و داواكاری گشتی هەیە كە لە دادگا سکاڵایان تۆمارکردوە.

حاکم  عومەر ئەحمەد، باسیلەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون دەست بەسەر کەلوپەل و کۆمپیوتەرەکانیاندا گیراوە و بەڵگە دۆزراوەتەوە، بەڵام لەبەر رەوتی لێكۆڵینەوەکان ناتوانن بەڵگەکان بخەنەڕو.

گمۆ محەمەد کە ئەندامی جوڵانەوەی نوێیە، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "لە پاش ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە بە بێ بونی هیچ بیانو و داوایەکی یاسایی دەستگیرکرام، ئێوارەی ئەمرۆ ئازادکرام".

رۆژی یەکی ئەم مانگە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان چەند کەسێک، لەو تۆمەتبارانەی، لە ئۆفیسی سەرەکی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی حەشاردرابون، دەستگیرکران.

هەمان رۆژ سکرتێری دوەمی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە لەسەر دۆسیەی هەڕەشە و سوکایەتیکردنی بە پەرلەمانتارانی ئەو جوڵانەوەیە دەستگیرکرا، سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە خەندان-ی رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ  له‌ ناو نوسینگەی سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له‌ شارى سلێمانى ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستگیركراوە كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ په‌رله‌مانتارانى نه‌وه‌ى نوێ كردوه‌".

دەستگیرکردنی ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ئەوە دێت رۆژی 24ی 4 شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری فراکسۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەنەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی و دەستکاریکراویان لێکراوە، وتیشی، "بێدەنگ نابم و لە نزیکترین کاتدا سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکەم، چونکە گومانم نیە ئەو دەسەڵاتەی بتوانێت بەمشێوەیە مامەڵە بکات و هەڕه‌شە لەگەڵ سەرکردەکانی جوڵانەوەکەی بکات خراپتر مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی جوڵانەوەکەی دەکات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP