"كارم لەسەر ئەوەكردوە حەشد ببێتە بەشێك لە هێزی بەرگری عێراق"
حەیدەر عەبادی: هێشتا كارەكانی حكومەتی ئێستا لە ئاستێكی پێویستدا نیە

- 5/6/2019 4:11:00 PM 3187 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی وەزیرانی پێشوی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی ئێستا لە لایەن هاوپەیمانیەكەوە پێكهێنراوە كە پابەند نیە بەو بنەما دەستوریەی لەسەر  گەورەترین لایەن كاردەكات، ئەوەش دەرەنجامی هاوپەیمانیەكی ئاڵۆز و جێی نیگەرانیە، هێشتا كارەكانی حكومەت لە ئاستێكی پێویستدا نیە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی وەزیرانی پێشوی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیک-ی روسی رایگەیاندووە، "حەشد هێزێكی نیشتیمانیە و لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی نیشتیماندا هاوكارێكی كارابوە، لەگەڵ توانەوەی حەشد-دا نیم، بەڵكو لەگەڵ بە یاساكردن و بە دامەزراوەكردنیدام، كاریشم لەسەر ئەوەكردوە حەشد ببیتە بەشێك لە هێزە شەڕكەرەكانی بەرگری وڵات و لە سیاسەت و لایەنگری و بەرژەوەندی حزبی دوربخرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "حكومەتی ئێستا لە لایەن هاوپەیمانیەكەوە پێكهێنراوە كە پابەند نیە بەو بنەما دەستوریەی لەسەر  گەورەترین لایەن كاردەكات، ئەوەش دەرەنجامی هاوپەیمانیەكی ئاڵۆز و جێی نیگەرانیە، هێشتا كارەكانی حكومەت لە ئاستێكی پێویستدا نیە".

رات چیە بەرامبەر حكومەتی ئێستا؟ ئایا پێت وایە عادل عەبدولمەهدی توانیویەتی ئەو كارە تەواوبكات كە ئێوە لە ماوەی حكومڕانیتاندا دەستتان پێكردبو؟

حەیدەر عەبادی: حكومەتی ئێستا لە لایەن هاوپەیمانیەكەوە پێكهێنراوە كە پابەند نیە بەو بنەما دەستوریەی لەسەر  گەورەترین لایەن كاردەكات، ئەوەش دەرەنجامی هاوپەیمانیەكی ئاڵۆز و جێی نیگەرانیە، هێشتا كارەكانی حكومەت لە ئاستێكی پێویستدا نیە، ئێمە لە پێكهێنانی حكومەتدا پشتیوان و هاوكار بوین، سەرەڕای ئەوەی بەشدارنەبوین لە حكومەتەكەدا بەڵام ئێمە لە كارە باشەكاندا پشتیوانی لێدەكەین و لەو كارانەدا كە باش نین دژی دەوەستینەوە.

هۆكاری سەرەكی چیە تا ئێستا كابینەی حكومەت تەواونەبوە؟ ئایا گرێكوێرەكەی فالیح فەییاز چارەسەربو؟ كاریگەری دەرەكی لەسەر ئەم بابەتە تا چەندە؟

حەیدەر عەبادی: پێم وانیە هۆكارەكان لە چواردەوری بابەتەكەی فالیح فەییازدا بسوڕێنەوە، ژمارەیەك هۆكار بونیان هەیە لەوانە، ناكۆكی نێوان هاوپەیمانیەتەكانی حكومەت لەبارەی رێژە و قەبارە و قورسایی لە نێوانیاندا، هەندێكیش لە لایەنەكان هەوڵیاندا هاوكێشەكانی حكومەت بە هاوسەنگی بهێڵنەوە و بەوشێوەیە بە هۆكاری تایبەتی خۆیان حكومەت ناسەقامگیربكەن، كاریگەری دەرەكی لەسەر چۆنێتی ئاراستەكردنی حكومەت بونی هەیە.

ئایا ئێوە لە ئاستی رۆڵبینینتان لەناو حكومەت رازین؟ چۆن لە وەزیرەكان دەڕوانن؟ ئایا بەڕاستی ئەوان لە بەشینەوە و كۆدەنگی دورن؟

حەیدەر عەبادی: هاوپەیمانیەتی نەسر لە حكومەتەكەی عادل عبەدولمەهدی بەشداری نەكرد و عادل عەبدولمەهدی سەرپشككرد بۆ هەڵبژاردنی وەزیری كارا، بەڵام روداوەكە ئەوەبو كە ئەو بەشەی نەسر دەستی لەسەرهەڵگرت درا بە لایەنی دیكە، ئێمە وتومانە و دوپاتی دەكەینەوە، حكومەتی ئێستا لە حكومەتەكانی (محاصصە/پشكداری) خراپرترە، چونكە لە محاصصە دا هەمو كوتلەكان بەپێی سەنگی خۆیان لە پێكهێنانی حكومەتدا بەشداردەبن، ئەوەی رویدا بە پەراوێزخستنی لایەنەكانی دیكە تاكلایەنی بو لە پشكە حكومیەكاندا، ئێمە دەمانویست حكومەتێكی سەربەخۆ و لەسەر بنەمای كار و نیشتیمانیبون پێكبهێنین، بەڵام ئەوە روینەدا، بۆیە كارئاسانی و رەوایی لەم حكومەتە چاوەڕێ ناكەم كە لەسەر ئەو پەیڕەوە دەبرێ بەڕێوە.

ئەگەر ئێوە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ئێستا بن، ئایا بە هەمانشێوە ئەو دابەشكاریەتان دەكرد؟

حەیدەر عەبادی: پڕۆژەی هاوپەیمانی نەسر حكومەتێكی كارایە كە لەسەر بنەمای كار دەتوانێت خواستەكانی گەل بهێنێتەدی، دابەشكردنێكی توند و قۆرخكاری دەوڵەت لە لایەن حزبەكانەوە دام و دەزگاكانی روخاندوە و كارەكانی دەوڵەتی لەپێخستوە.

وتەیەك هەیە دەڵێت رای ئێران سەركەوتوبوە و لەسەر دورخستنەوەی ئێوە لە سەرۆكایەتی حكومەت كاری كردوە، تا چەند ئەم وتەیە راستە؟ بەڕای ئێوە هۆكاری رێگریكردنی ئێران لە دوبارە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە لایەن ئێوەوە چیە؟

حەیدەر عەبادی: سەرکەوتنەکانی عەبادی زۆرینەی بێتاقەتكرد، بەرژەوەندی هەندێكیش كەوتە ژێر هەڕەشەوە، عەبادی لە دەرەوەی چوارچێوەی نیشتیمانی و بەرژەوەندی عێراق هیچ كارێكی ئەنجامنەداوە، هەندێك كەسیش هەیە نایەوێت دەستكەوتەكان كۆببنەوە تا بنیادی دەوڵەت و هێز و سەروەریەكەی پێكەوە تەواوبكرێت.

لەكاتی حكومەتەكەی تۆدا قەیرانی كارەبا لەنێوان ئێران و عێراق رویدا، ئایا ئەو قەیرانە دروستكراوبو، یاخود رێگەیەكی فشار بو كە ئێران بەكاریدەهێنا؟

حەیدەر عەبادی: لەوكاتەدا ئێرانیەكان پێیان راگەیاندم كە ئەو وەزەیەیان بۆ ناوخۆی خۆیان پێویستە، دواتریش لە گڕەی هاویندا كارەبای عێراقیان بڕی، ئێستاش دوبارە وزەكەیان بۆ عێراق گەڕاندوەتەوە.

ئایا بەراستی ئەگەرێك هەیە بۆ دەستبەكاربونەوەتان وەك سەرۆكی حكومەت لەرێگەی پێكهێنانی هاوپەیمانیەكی ئۆپۆزسیۆن، كە لەئێستادا باسی لێوەدەكرێت كە لەنێوان هەریەك لە هاوپەیمانیەتی نەسر و حیكمە و نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئەلحەل كە لەمدواییانەدا كشانەوەی خۆی لە هاوپەیمانی بینا راگەیاند پێكبدەهێندرێت؟

حەیدەر عەبادی: ئەوانە پێشبینین، بەڵام راستی دۆخەكە هەمو ئەگەرەكان لەخۆدەگرێت، هاوپەیمانیەكانی ئێستا ئاڵۆز و جێی نیگەرانین، بۆیە پێدەچێت دوبارە هاوكێشەی هاوپەیمانیە حكومڕانی و ئۆپۆزسیۆنەكان رێكبخرێتەوە.

ئێوە ئێستا وەك بەرەی نەسر لە مەیدانی سیاسیدا، كام لایەنە سیاسیە نزیكترینە لێتانەوە؟ هاوپەیمانیتان لەگەڵ سائیرون چی لێهات؟ ئایا بو بە بەشێك لە رابردو؟

حەیدەر عەبادی: پێشتر وتم، هاوپەیمانیەكانی ئێستا ئاڵۆزە و لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن بەرێوەناچێت، بۆیە هەمو ئەگەرەكان بۆی هەیە روبدات.

ئەگەر بە هەر هۆكاریك حكومەتەكەی عەبادی بەردەوامنەبێت، ئایا ئێوە وەك جێگرەوەیەكی بەهێز بۆ گرتنەدەستی حكومەت پێشنیاركراون؟

حەیدەر عەبادی: ئەو بابەتە لەكاتی خۆیدا بڕیاری لەسەردەدرێـت، نەسر پرۆژەیەكی سیاسیە كە روانگەیەكی تەواو بۆ دەوڵەت لەخۆدەگرێت، پێشتریش لە بەڕێوەبردنی وڵات و رزگاركردنی لە تیرۆر و دابەشبون و هەرەسهێنان ئەزمونێكی سەركەوتوی هەبوە، عەبادی لە هیچ پێگەیەكدا بەرپرسیاریەتەكانی بەرامبەر نیشتیمانەكەی بەجێناهێڵێت.

بە بۆچونی ئێوە ئایا واشنتن لە توانای كاركردنی عادل عەبدولمەهدی رازیە؟ بەو واتایەی ئایا ئەمریكا پشتیوانی لێدەكات؟

حەیدەر عەبادی: من وتەبێژی ئەمریكا نیم، لەوەش گرنگتر ئەوەیە گەل لە حاكم رازیبێت.

تا چەند دژ یاخود پشتیوانی لە توانەوەی حەشدی شەعبی  دەكەیت؟

حەیدەر عەبادی: حەشد هێزێكی نیشتیمانیە و لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی نیشتیماندا هاوكارێكی كارابوە، لەگەڵ توانەوەی حەشد-دا نیم، بەڵكو لەگەڵ بە یاساكردن و بە دامەزراوەكردنیدام، كاریشم لەسەر ئەوەكردوە حەشد ببیتە بەشێك لە هێزە چەکدارەکانی بەرگری وڵات و لە سیاسەت و لایەنگری و بەرژەوەندی حزبی دوربخرێتەوە.

چۆن لە سیاسەتی درەوەی عێراق دەڕوانن لەئێستادا؟ ئایا حكومەت بەو لێدوانانەی لە هاوسەنگی لەنێوان هەمواندا و دوركەوتنەوە لە ململانێكان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نیشتیمانی سەركەوتوبوە؟

حەیدەر عەبادی: لە ماوەی حكومڕانیەكەمدا هاوسەنگیەكی كارای ئەرێنیم دامەزراند و لە كرانەوەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ هەمو وڵاتاندا سەركەوتوبوم، عێراقم لە ململانێ ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان پاراست، تەنانەت هەمو ناكۆكیەكانم لەپێناو پشتگیریكردنی عێراق كۆكردەوە، هیوادارم حكومەتی ئێستاش بۆ بەرژەوەندی نیشتیمان و دەوڵەت لەسەر ئەو رێڕەوە بەردەوامبێت.

چۆن لە شێوازی مامەڵەكردنی عێراق بەرامبەر فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەڕوانیت؟

حەیدەر عەبادی: عێراق پابەندە لەسەر مامەڵە نەكردن بە دۆلارەوە تا بتوانێت كاری بازرگانی لەگەڵ ئێران ئەنجامبدات، حكومەتی ئێستا زیاتر لە حكومەتەكەی من بە سزاكانەوە پابەندە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەنگانە نابیستین كە بەرەنگاری هەڵوێستی من دەبونەوە بەرامبەر بە سزاكانی ئەمریكا.

لە ئێستادا پەیوەندیەكانی عێراق و روسیا لە چ ئاستێكدا دەبینن؟ ئەی لەكاتی حكومڕانی خۆتدا؟ سەبارەت بە جەنگی داعش و شكستپێهێنانی ئەو پەیوەندیانە چۆن بو؟

حەیدەر عەبادی: پەیوەندیەكانی عێراق-روسیا گەشەسەندنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، نەك تەنها لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، بەڵكو لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسیشدا، ئێمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشدا پشتگیری لەو پەیوەندیانە دەكەین.
  
لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا پێشنیاری پۆستی وەزیری دەرەوە خرایە بەردەمت، بۆچی رەتتكردەوە؟

حەیدەر عەبادی: بەڵێ سەرجەم ئەو پۆستانەم رەتكردەوە كە پێشنیاریانكرد بۆم، من گرنگی بە پۆست و پێگە نادەم، پرۆژەی (بەرەی نەسر)م هەیە كە كاری بۆدەكەم و لەو رێگەیەوە لە دەوڵەتدا چاكسازی ئەنجامدەدەم.

پێشتر لە لێدوانێكتدا بۆ سپوتنیك ئاماژەت بەوەكردبو، هەندێك لایەن هەیە نایانەوێت عێراق بەسەر داعشدا سەربكەوێت، ئەو لایەنانە كێن؟

حەیدەر عەبادی: هەندێك دەیانویست عێراق بەرەوپێشنەچێت و وەكو مەیدانێك بۆ ململانێ و روبەڕوبونەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان بمێنێتەوە، هەندێكیش هەوڵیاندەدا عێراق ببێتە جێگەی پاشماوەی تیرۆری جیهان، بەڵام بەتوانایی ویستی عێراق ئەو خواست و پلانانەی تێكشكاند.

هاوردەكردنی چەكی روسی لە لایەن كوردستانی عێراق لە زۆر بۆنەدا باسكراوە، كڕینی چەكی روسی لە لایەن كوردستانی عێراق بێ ئەوەی بەغدا پێی بزانێت تا چەند راستە؟ ئایا لەوكاتەدا لەگەڵ مۆسكۆ لەوبارەیەوە گفتوگۆتان كردوە. وەڵامی روسیا لەوكاتەدا چیبو؟

حەیدەر عەبادی: لەبارەی ئەو بابەتەوە زانیاریەكی تەواومان نیە، بەرپرسانی روسیاش هەمیشە دوپاتیاندەكردەوە كە لەبارەی چەك-ەوە لەگەڵ عێراقی یەكگرتودا مامەڵەدەكەن. 

ساڵی 2017 حزبوڵا-ی لوبنانی لەگەل چەكدارانی داعش رێككەوتن تا داعش ناوچەی بالبەك بەجێبهێت و حزبوڵا  بیانگوازێتەوە بۆ سنوری عێراق-سوریا (بۆ شاری بوكمال-ی سوریا)، ئەو رێككەوتنە چۆن بو؟ ئایا كاردانەوەی بەغدا تەنها رەتكردنەوەبو؟ ئایا لەگەڵ تاران لەوباریەوە گفتوگۆتان كرد؟ وەڵامدانەوەی ئێران و حیزبوڵا لەوكاتەدا چۆن بو؟

حەیدەر عەبادی: ئەو بابەتە پەنهانی چواردەوریدابو، هەر لەوكاتەدا رەتمانكردەوە و لای ئێمە هەر جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ داعشی تیرۆرست و گواستنەوەیان بۆ سنوری عێراق بە هەمو شێوەیەك قبوڵنەكراوبو، وە ئەو كارە بە واتای تێپەڕاندنی هێڵی سور بو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP