"200 كەسیان بانگخوازی ئیسلامین"
سریلانكا 600 كەسی بیانی لە خاكەكەی دەركرد

- 5/5/2019 7:48:00 PM 925 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری ناوخۆی سریلانكا لە لێدوانێكدا رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی 600 كەسی بیانی لەو خاكە دەركردوە و لە نێویاندا 200 بانگخوازی ئێسلام هەیە، ئەوەش یەكێكە لە هەنگاوكانی هێزەكانی ئاسایش دوای زنجیرە تەقینەوە خوێناویەكەی مانگی رابردو كە لەو وڵاتە رویدا.

بە هۆی ئەوەی ماوەی مانەوەیان لەو وڵاتە سنوری تێپەڕاندوە دەركراون

 

ئەمڕۆ یەكشەممە، فاجیرا ئەبیواردینا، وەزیری ناوخۆی سریلانكا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند "ئەو بانگخوازە ئیسلامیانە بە شێوەیەكی یاسایی هاتونەتە ناو وڵاتەكەوە، بەڵام ماوەی مانەوەیان لە وڵاتەكە سنوری تێپەڕاندوە و بەهۆی ئەوەوە سزادراون و لە وڵاتەكە دەركراون".

حكومەت یاسای پێدانی ڤیزە هەمواردەكاتەوە


ئاماژەی بەوەشكرد "دامەزراوە ئاینیەكانی سریلانكا پێشوازی لە بانگخوازە بیانیەكان دەكات، بەڵام لە ماوەی پێشودا زۆر روداو لە وڵاتەكەدا رویداوە، بەوهۆیەوە دەیانخەینە لیستی چاودێریەوە" و وتیشی "لە مەترسی ئەگەری دوبارەبونەوەی زنجیرە تەقینەوەكانی پێشوتر، حكومەت یاسای پێدانی ڤیزەی هاتنەژورەوەی وڵاتەكەی هەمواردەكاتەوە". 

زۆرینەیان خەڵكی بەنگلادیش و هیندستان و ماڵدیڤ و پاكستانن


هاوكات وەزیری ناوخۆی سریلانكا ئاماژەی بە شوناسی نەتەوەیی ئەو كەسانە نەكرد كە وڵاتەكەیان بەجێهێشتوە، بەڵام پۆلیسی وڵاتەكە رایگەیاند "زۆرینەی ئەو بیانیانەی ماوەی مانەوەیان لە سریلانكا تێپەڕیوە خەڵكی بەنگلادیش و هیندستان و ماڵدیڤ و پاكستان"ن.

رێكەوتی 21 و 22 ی نیسانی ئەمساڵ، وڵاتی سریلانكا روبەڕوی زنجیرەیەك تەقینەوەی خۆكوژی بوەوە كە تێیدا ژمارەیەك هۆتێل و كەنیسەی كۆڵۆمبۆ-ی پایتەخت و دەوروبەری كرایە ئامانج، زنجیرە تەقینەوەكە بوە هۆی گیانلەدەستدانی 290 كەس و برینداربونی زیاتر لە 500 كەسی دیكە.




نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP