شاندی باڵای پارتی گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان

- 5/5/2019 11:39:00 AM 3522 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی و لەگەڵ شاندی گۆڕان کۆدەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ یەکێتی کۆدەبێتەوە.

لە ئێستادا شاندی باڵای پارتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لە کۆبونەوەدان دواتریش شاندی پارتی سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات و رێککەوتنامەی نێوانیان بۆ بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەت واژۆدەکەن.

بزوتنەوەی گۆڕان لە 18ی شوباتی ئەمساڵدا رێککەوتنامەی سیاسی لەگەڵ پارتی واژۆکرد، بەپێی رێکەوتنەکە، لەم کابینەیەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت و هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی و بازرگانی و دەستەی سندوقی داهاتە نەوتییەکانی بەردەکەوێت.

خەندان پێشتر بڵاویکردبوەوە، مەرجی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە خەندان-ی وت، "مەرجەکانی گۆڕان لە چوار ساڵی داھاتودا ھەر لەسەر کاغەز دەمێنەوە، چونکە پارتی و یەکێتی تەنھا بە روکەش خواستی چاکسازی و یەکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکانیان ھەیە".

نیشانەکردن :

#پارتی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP