یەکێتی میکانیزمێکی نوێی بەڕێوەبردن پێشکەش دەکات
خەندان ئامانجی سەردانەکەی پارتی بۆ لای گۆڕان ئاشکرا دەکات

- 5/5/2019 10:37:00 AM 26853 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندی باڵای پارتی ئەمڕۆ دێتە سلێمانی و سەرەتا بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر رێکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی سەردانی گردەکە دەکات، دواتریش لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی رێوڕەسمی رێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت.
شاندی باڵای پارتی بەر لەوەی لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە خەندان-ی راگەیاند، شاندی باڵای پارتی بەر لەوەی لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە، ئەوەش بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر رێکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی.

بزوتنەوەی گۆڕان لە 18ی شوباتی ئەمساڵدا رێککەوتنامەی سیاسی لەگەڵ پارتی واژۆکرد، بەپێی رێکەوتنەکە، لەم کابینەیەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت و هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی و بازرگانی و دەستەی سندوقی داهاتە نەوتییەکانی بەردەکەوێت.

مەرجی گۆڕان بۆ پارتی دیموکراتی ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە

 

بەپێی زانیاریەکان، مەرجی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە.
مەرجەکانی گۆڕان لە چوار ساڵی داھاتودا ھەر لەسەر کاغەز دەمێنەوە

 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە خەندان-ی وت، "مەرجەکانی گۆڕان لە چوار ساڵی داھاتودا ھەر لەسەر کاغەز دەمێنەوە، چونکە پارتی و یەکێتی تەنھا بە روکەش خواستی چاکسازی و یەکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکانیان ھەیە".

پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان لەبارەی پشک و بەرکەوتەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت چارەسەرکردوە

 

پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان لەبارەی پشک و بەرکەوتەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت چارەسەرکردوە و رێککەوتنەکەیان تەنها واژۆکردنی ماوە و بڕیارە ئەمڕۆ واژۆ بکرێت.

یەکێتی میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لەگەڵ پارتی تاوتوێ دەکات

 

خەندان زانیویەتی، "یەکێتی لەناو رێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پارتی میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لەگەڵ پارتی تاوتوێ دەکات".

دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی پێدەچێت بەمنزیکانە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارابکرێتەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت، دواتریش سەرۆکی کابینەی نۆیەم بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP