ئەندامە ناڕازیەكان بەها بۆ بڕیارەكانی كۆبونەوەكەی سبەی دانانێن
بەئامادەبونی شاسوار عەبدولواحید سبەی چارەنوسیان دیاریی دەكرێت

- 5/4/2019 10:15:00 PM 36753 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کێشەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تادێت ئاڵۆزتر دەبن، لیژنەیەکی ئینزیباتیش پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناڕەزایەتیەکانی ناو جوڵانەوەکە، ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ رایگەیاند: بڕیارە سبەى ئەنجومەنى باڵای نەوەی نوێ گوێ لە لیژنە ئینزیباتییەکە بگرێت، بەپێی زانیارییەكانی خەندان ئەگەر ئەندامە ناڕازییەكان داوای لێبوردن نەكەن، جوڵانەوەكە بڕیارێك لە چارەنوسیان دەدات كە رەنگە ئەو بڕیارە درزو كەلێنەكانی ناو جوڵانەوەكە زیاتر بكات  و ناكۆكیەكە بگەیەنێتە سەر جیابونەوەی سیاسی.

سبەى ئەنجومەنى باڵای نەوەی نوێ کۆدەبێتەوە، گوێ لە ليژنەى ئينزيباتى دەگرێت

 

هەوراز زاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە خەندان-ی راگەیاند:"سبەى ئەنجومەنى باڵای نەوەی نوێ کۆدەبێتەوە، گوێ لە ليژنەى ئينزيباتى دەگرێت و دواتر بەپێى ڕێكارەكان بڕياردەدەين.

لەبارەی ئەگەری یەكلاكردنەوەی كێشەكان، هەوراز زاهیر وتی: كۆبونەوە هەیە بە يەكجار دەگاتە ئەنجام، کۆبونەوەش هەیە پێويستى بە كاتى زياترە، سبەى  يەكلا دەبێتەوە کە ئایا بڕیار دەدرێت یاخود نا".

ئەندامە ناڕازییەکانی جوڵانەوەکە ئەو کۆبونەوانە و دورخستنەوەیان لە فراکسیۆن و جوڵانەوەکە بێ بایەخ وەسف دەکەن

 

ئەندامە ناڕازییەکانی جوڵانەوەکە ئەو کۆبونەوانە و دورخستنەوەیان لە فراکسیۆن و جوڵانەوەکە بێ بایەخ وەسف دەکەن و دەڵێن" ئەو بابەتە هیچ گرنگییەکی بۆ ئێمە نییە"

سەركەوت شەمسەدین: ئەو بابەتە لای ئێمە، هیچ بایەخی نییە، بۆیە هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەین

 

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە یەكێكە لە سەركردە دیارە ناڕازییەكان، بە خەندان-ی راگەیاند: "ئەو بابەتە لای ئێمە، هیچ بایەخی نییە، بۆیە هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەین".

لیژنە ئینزیباتییەکە لە پێنج ئەندام پێکهاتوە و سبەی ناوەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێت

 

بەپێی زانیارییەکانی خەندان لیژنە ئینزیباتییەکە لە پێنج ئەندام پێکهاتوە و سبەی ناوەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێت، خەندان زانیویەتی یەكێك لە ئەندامانی لیژنە ئینزیباتیەكە ئەندامی ژوری یاسایی جوڵانەوەكەیە.

ئەندامە ناڕازییەکان ژمارەیان کەمترە ناتوانن لیژنەی ئینزیباتی دروست بکەن

 

هەر بەپێی زانیاریەكانی خەندان كە لە ئەندامێكی باڵای جوڵانەوەكە بەدەستی گەیشتوە، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە سبەی بەشداری كۆبونەوەكە دەكەن ژمارەیان 8 کەسە و بەگوێرەی وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە ئەوان زۆرینەن و دەتوانن لیژنەی ئینزیباتی دروستبکەن، بەڵام هەر بە پێی قسەی ئەو ئەندامە، ئەندامە ناڕازییەکان ژمارەیان کەمترە ناتوانن لیژنەی ئینزیباتی دروست بکەن.

هەرکاتێک ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ نیوە كۆ یەک بێت ئەوا دەتوانن كۆبونەوەی ئەنجومەن ئەنجام بدەن و بڕیار وەربگرن

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەرکاتێک ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ نیوە كۆ یەک بێت ئەوا دەتوانن كۆبونەوەی ئەنجومەن ئەنجام بدەن و بڕیار وەربگرن، هەرچەندە پێشتر ئەندامە ناڕازیەكانی ئەو ئەنجومەنە و ئەندامەی ناڕازیەكانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا رایانگەیاندبو كە ئەو ئەنجومەنە رەوایەتی نییە چونكە سێ كەس لە ئەندامەكانی ئێستای پێشوتر دورخرابونەوە و ئێستا بەمەبەستی پەیداكردنی زۆرایەتی گەڕێنراونەتەوە.

شادی نەوزاد، کە ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ-یە لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 24ی 4 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایی خۆی راگەیاند و وتی، "پێش ئەوەی بەیاننامەیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی بڵاوبکەینەوە کە دەیانەوێت جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرن و بەرەو بنەماڵەیی بیبەن، هەڕەشەمان لێکرا، بەشێوەیەک کە توشی شۆک بوین".

شادی نەوزاد: بەشداری كۆبونەوەكە ناكەم و ناتوانن من لە ئەندامێتی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دوربخەنەوە

 

شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو بەشداری کۆبونەوەکە ناکات و هەڵوێستی خۆی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا رادەگەیەنێت و دەشڵێت: "ئەوان ناتوانن من لە ئەندامێتی فراکسیۆنی نەوەی نوێ سڕبکەن یاخود دورم بخەنەوە".

ئەو کەسانەی بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن بەشێکیان پێشتر لەکارخرابون وسڕکرابون لە هیچ کۆبونەوەیەکدا بەشداریان پێنەدەکرا 

 

سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنیشی لە کۆبونەوەکەی بەیانیدا وتیشی:"ئەو کەسانەی بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن بەشێکیان پێشتر لەکارخرابون وسڕکرابون لە هیچ کۆبونەوەیەکدا بەشداریان پێنەدەکرا و بەبیانوی جیاواز دورخرابونەوە، ئەو کۆبونەوەیەی سبەینێش ئاڕاستەکەی دیارە و دەزاندرێت بە چ لایەنێکدا دەبرێت".

لە هیچ شتێکی رابردوم پەشیمان نەبومەوە و لە داواکەشم نەکشاومەتەوە لە دادگا

 

شادی نەوزاد ئاماژەی بەوەشکرد:"من وەک خۆم لە هیچ شتێکی رابردوم پەشیمان نەبومەوە و لە داواکەشم نەکشاومەتەوە لە دادگا".

21ی4، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".

ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەکە لە کاتێکدا تەقییەوە کە سەرۆکی جوڵانەوەکە لە دەرەوەی وڵات بو

 

ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەکە لە کاتێکدا تەقییەوە کە سەرۆکی جوڵانەوەکە لە دەرەوەی وڵات بو كە وەك خۆی وتی، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بریتانیا بوە، بەڵام کاردانەوەکان و ناڕەزایەتیەکان، بە جۆرێک بون وایکرد سەرۆکی جوڵانەوەکە لەماوەی سێ رۆژدا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و رۆژی 27ی4 شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و بە ئۆتۆمبێل گەڕایەوە سلێمانی، هەمان رۆژ لە سلێمانی لەگەڵ خۆبەخشانی نەوەی نوێ کۆبوەوە و رایگەیاند: "من سیقەم بە هاوڕێکانم کرد، وەک برای خۆم سەیرمکردن، خزمەتمان کردن و لەسەر سفرەیەک نانمان خوارد، خەڵکمان لەسەر عاجزکردن، بەڵام ئەوان لە پشتەوە خەنجەر لە من دەدەن".

سیروان بابان: من پەرلەمانتاری هەمو خەڵکی کوردستانم نەک تەنها هی لایەنێک

 

ئەندامێکی ناڕازی دیکەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسۆنەکە دەڵێت:"من پەرلەمانتاری هەمو خەڵکی کوردستانم نەک تەنها هی لایەنێک".

کاردەکەم بۆ هاوڵاتیان و لەسەر ئەو بنەمایانە دەجەنگم کە نەوەی نوێمان لەسەر دروستکردوە

 

سیروان بابان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە خەندان-ی راگەیاند:" من پەرلەمانتاری هەمو خەڵکی کوردستانم نەک تەنها هی لایەنێک، کاردەکەم بۆ هاوڵاتیان و لەسەر ئەو بنەمایانە دەجەنگم کە نەوەی نوێمان لەسەر دروستکردوە، لە پێناو دیموکراسی و دژ بە بنەماڵەیکردن و بازرگانیکردن بە حزبەوە، درێژە بە كاری سیاسی خۆم دەدەم.

ئەگەر ئەندامە ناڕازییەكان داوای لێبوردن نەكەن، جوڵانەوەكە بڕیارێك لە چارەنوسیان دەدات كە رەنگە ئەو بڕیارە درزو كەلێنەكانی ناو جوڵانەوەكە زیاتر بكات  و ناكۆكیەكە بگەیەنێتە سەر جیابونەوەی سیاسی

 

خەندان پەیوەندیکرد بە رابون مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بەڵام ئامادەنەبو قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات.

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، ئەگەر ئەندامە ناڕازییەكان داوای لێبوردن نەكەن، جوڵانەوەكە بڕیارێك لە چارەنوسیان دەدات كە رەنگە ئەو بڕیارە درزو كەلێنەكانی ناو جوڵانەوەكە زیاتر بكات  و ناكۆكیەكە بگەیەنێتە سەر جیابونەوەی سیاسی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP