چوار رۆژە كارمه‌ندێكی ئاسایشی پارتی "لە کەرکوک بێسەروشوێنە"

- 5/4/2019 2:53:00 PM 3486 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەی چوار رۆژە كارمه‌ندێكی ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك بێسەروشوێنە، دوای ئەوەی له‌ ماڵ چوەته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ دیارنه‌ماوه‌.
كارمه‌ندی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دانیشتوی قه‌زای داقوقه

 

محه‌مه‌د سه‌فه‌ر ساڵح، كارمه‌ندی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دانیشتوی قه‌زای داقوقه، کە 44 كیلۆمەتر لە باشوری پارێزگای كه‌ركوكەوە دورە، لە رۆژی یەکی ئەم مانگەوە لە ماڵ چوەتە دەرەوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.

كه‌سێكی نزیک لە محه‌مه‌د سه‌فه‌ر بە خەندان-ی راگەیاند "سەرلە به‌یانی چوارشه‌ممه‌ی رابردو یەکی ئایار، محەمەد بۆ چاكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی چوەته‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه‌ركوك و دوای چه‌ند كاتژمێرێك ده‌نگی نه‌ماوه‌ و مۆبایله‌كه‌یشی داخراوە".
لەو رۆژەوەی محەمەد بێسه‌روشوێنه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌یشی كه‌ جۆری بیجۆی ره‌نگ سوره‌ دیارنیه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رۆژەوەی محەمەد بێسه‌روشوێنه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌یشی كه‌ جۆری بیجۆی ره‌نگ سوره‌ دیارنیه‌،  وەک ئەو دەڵێت كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێکدا نه‌بوه‌ و هێزە ئەمنیەکانیش لە روداوەکە ئاگادارکراونەتەوە.

رونیشیکردەوە، سكاڵایان تۆماركردوه‌ و دادوەر به‌پێی ماده‌ی 421ی یاسای سزادانی عێراقی داواكه‌ی گواستوەته‌وه‌ بۆ پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ داقوق.

هاوکات سەرچاوەیەك لە پولیسی نەهێشتنی تاوانەكان له‌ داقوق به‌ خەندان-ی راگەیاند، "دوای تۆماركردنی سكاڵا لەلایه‌ن برای رفێندراوه‌كه‌وه‌ دەستمانكردوە بە لێكۆڵینەوە لەو كەیسەدا".
ھێزە ئەمنیەکان کەرکوک لە بەدواداچونی بەردەوامدان سەبارەت بە چارەنوسی ئەو كارمه‌نده‌ی ئاسایش

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، ھێزە ئەمنیەکان کەرکوک لە بەدواداچونی بەردەوامدان سەبارەت بە چارەنوسی ئەو كارمه‌نده‌ی ئاسایش، به‌ڵام لێكۆڵێنه‌وه‌كان بەردەوامن و تیمێكی تایبه‌تیش بۆ به‌دواداچونی دۆسیه‌كه‌ پێكهێنراوه‌.

دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کشاونەتەوە و تا ئێستاش هیچ بارەگایەکی ئەو حزبە لەو ناوچانەدا نیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP