وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین

- 5/4/2019 1:40:00 PM 3329 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێیدا لەگەڵ خۆی و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیادا باسیان لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنێکی چەکی ئەتۆمی کردوە بە بەشداری چین.
باس لە ئەگەری واژۆکردنی رێکەوتنێکی چەکی ئەتۆمی کراوە بە بەشداری چین

 

بەپێی هەواڵێکی رۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە لەکۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێی نێوان خۆی و ڤلادیمێر پوتیندا باسیان لە ئەگەری واژۆکردنی رێکەوتنێکی چەکی ئەتۆمی کردوە بە بەشداری چین.
هێنانەناوەوەی چین بەواتای رێککەوتنێکی ئەتۆمی دێت لە نێوان هەرسێ جەمسەری ئەتۆمی جیهانیدا

 

ترەمپ باسی لەوەشکرد، هێنانەناوەوەی چین بەواتای رێککەوتنێکی ئەتۆمی دێت لە نێوان هەرسێ جەمسەری ئەتۆمی جیهانی کە روسیاو چین و ئەمریکایە.

ترەمپ وتیشی، لەگەڵ هاوتا روسییەکەی باسیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەردو وڵاتکردوە بۆ رازیکردنی کۆریای باکور و دەستبەرداربونی چەکە ئەتۆمییەکانی.

هاوکات بەوتەی ترەمپ پرسی ڤەنزوێلا و ئۆکرانیا دو بابەتی دیکەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێوان خۆی و پۆتین بوە کە شەوی رابردو ئەنجامدراو زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندوە.
رێکەوتنێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ئەتۆمی لەلایەن ئێمە و ئەوانەوە

 

لەبارەی رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان سێ کوچکەی ئەتۆمی جیهانی ترەمپ رایگەیاندوە، "رێکەوتنەکە، رێکەوتنێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ئەتۆمی لەلایەن ئێمە و ئەوان و تەنانەت دەروازەیەکیش دەبێت بۆ دەستبەرداربون لە کۆمەڵک هەنگاوی مەترسیدار کە ئێستا پیادەی دەکەین".
چین زۆر بە پەرۆشەوە باسی هاوبەشیکردنی ئەمریکا و روسیایان کردوە 

 

لەبارەی هەڵوێستی چینیش بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاندوە، چین زۆر بە پەرۆشەوە باسی هاوبەشیکردنی ئەمریکا و روسیایان کردوە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا.

لەبارەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەگەڵ روسیا کە لە ژێرناوی "دەسپێکی نوێ" بۆ سنوردارکردنی بەرهەمی چەکی ئەتۆمی واژۆکرابو، ترەمپ وتی، ئەوە یەکێک بوە لە رێککەوتنە خراپەکان و رێککەوتنێکی تاک لایەنە بوە.

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP