بەپەلە

پارتی و یەکێتی رێککەوتنامەی نێوانیان واژۆ دەکەن
شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات

- 5/4/2019 1:20:00 PM 2906 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، سبەی شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، "سبەی یەکشەممە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت دوایین رێککەوتن واژۆ دەکەن".

پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ براوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گه‌یشتونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی بۆ دروستبونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت

 

پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ براوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گه‌یشتونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی بۆ دروستبونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت، پارتی و گۆڕان رێککەوتنیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی واژۆکردوە و پێکهێنانی کابینەکەی چاوەڕوانی واژۆکردنی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی-یە.

دوای کۆبونەوە لەگەڵ شاندی یەکێتی، شاندەکەی پارتی  لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبێتەوە

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی، "دوای کۆبونەوە لەگەڵ شاندی یەکێتی، شاندەکەی پارتی  لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبێتەوە".

پێشتر سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندبو، "لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە رێکەوتن، کۆبونەوەی داهاتوی نێوان پارتی و یەکێتیش بۆ واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی پێکهێنانی حکومەتە، بەو پێیەی رێکەوتنی مەبدەئیمان لە 5ی شوبات واژۆکردوە و لە 4ی ئازاریش رێککەوتنی سیاسیمان کردوە".

پیرە وتیشی، "دەمانەوێت حکومەتی هەرێم حکومەتێکی بەهێزبێت، حکومەتێک بێت کە ئەو هەڵانەی رابردو دوبارە نەکاتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت تەفاهومێکی تەواو هەبێت و هەوڵی ئەوە بدەین هیچ دەسەڵاتێک لە دەرەوەی شەرعیەت نەمێنێت، ئەگەر دەسەڵات لە دەرەوەی شەرعیەت بمێنێت ئەوا حکومەت ناتوانێ بەهێز ببێت".


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP