داهات زیادی كردوە و موچە لەكاتی خۆیدا دەدرێت
رێباز حەملان: رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند و زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە

- 5/3/2019 8:44:00 AM 22423 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە، یەك ملیار و 60 ملیۆن دۆلار قەرزمانداوەتەوە و دەشڵێت رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند و بەردەوامین لە ریفۆرم لە گومرگ و دەروازەكان و باج، بەو هۆیەشەوە داهات بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیكردوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، لە كۆبونەوەی نێوان رێباز حەملان و بینوا جنڤو، جێگری بەرپرسی بەشی ئابوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لەگەڵ وەفدێكی كونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە جێگری بەرپرسی بەشی ئابوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ئابوری كردوە كە لەكاتە سەختەكان ئەركەكانی بەسەركەوتوانە ئەنجامداوە، بەتایبەت لەوكاتەی قەیرانی دارایی روی لە هەرێمی كوردستان كردوە.
موچە لەكاتی خۆیی دەدرێت و رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند و بەردەوامین لە ریفۆرم لە گومرگ و دەروازەكان و باج

 

سەبارەت بە قەیرانی دارایی رێباز حەملان، رایگەیاندوە، "رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند، بەردەوامین لە ریفۆرم لە گومرگ و دەروازەكان و باج، ئەمەش وایكردوە داهات بەرێژەیەكی بەرچاو زیاد بكات و بەردەوامیش دەبین لە چاكسازیكردن".

خەرجی حكومەت لە 18 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە بۆ 14 ترلیۆن دینار

 

وەزیری دارایی هەرێم دەشڵێت، لە ئێستادا موچە لەكاتی خۆیی دەدرێت، توانراوە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بدرێتەوە لەگەڵ 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ناوخۆو بیانی و 260 ملیۆن دۆلاری  قەرزی بانكە  ئەهلیەكان.

پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئامادەیە و لە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكومەتدایە 

 

سەبارەت بە پڕۆژە یاسایی بودجەش وەزیری دارایی و ئابوری رونیكردەوە، پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئامادەیە و لە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكومەتدایە و خەرجی حكومەتیش لە 18 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە بۆ 14 ترلیۆن دینار.

وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر كرد كە لە بواری نەوتدا لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و هەرچی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابوریش رێككەوتن كراوە لەسەر پێناسەی گومرگی و یەك پێناسەی گومرگی هاوبەش جێبەجێدەكرێت. 

بەغداد 453 ملیار دینار بۆ موچە دەنێرێت، بەڵام ئێمە بۆ موچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە

 

لەسەر ناردنی موچە وەزیری دارایی وتویەتی، بەغداد 453 ملیار دینار بۆ موچە دەنێرێت، بەڵام ئێمە بۆ موچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە، تایبەت بە موچەی پێشمەرگەش لە یاسای بودجەی عێراق 68 ملیار دیناری مانگانە دیاریكراوە، بەڵام مانگانە 150 ملیار دینار بۆ موچەی پێشمەرگە پێویستە، هەرچەندە تاوەكو ئێستا بەغداد هیچ بڕە پارەیەكی بۆ موچەی پێشمەرگە نەناردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP